لە "شێخەڵا"وە گواستراونەتەوە
دەستگێڕەکانى بازاڕێکى قەڵادزێ ناڕازین
964+
محەمەد عەلی ـ قەڵادزێ
ژمارەیەک دەستگێڕى بازاڕى شێخەڵڵاى قەڵادزێ گواستراونەتەوە بۆ یەکێک لە گەڕەکەکان، بەڵام بەهۆى ئەوەى ئەو شوێنەى بۆیان دیاریکراوە هیچ خزمەتگوزارییەکى تێێدا نییە، نیگەرانن، هاتوچۆى قەڵادزێش دەڵێت: ئەو دەستگێڕانە گرفتیان بۆ هاتوچۆى شەقامەکان دروستکردبوو.
964 دەزانێت، بە بڕیارى شارەوانیى قەڵادزێ، نزیکەى 50 دەستگێڕى بازاڕى شێخەڵا، گواستراونەتەوە بۆ گەڕەکى راپەڕین، وەک ئەوەى دەستگێڕەکان قسەیان بۆ 964 کردووە، شوێنەکە بە گونجاو دەزانن، بەڵام لەبەر ئەوەى هیچ خزمەتگوزارییەکى تێدانییە، نیگەرانن.
دەستگێڕەکان لە رێگەى 964ـەوە داوا دەکەن، شوێنەکەیان بۆ رێکبخرێت و خزمەتگوزارییە پێویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت، بە تایبەتی کۆنکرێتکردنى ئەو پارکەى بۆى گواستراونەتەوە.
لە بارەى کێشەکەوە، لەشکر مەحمود، لێپرسراوی بنکەی هاتوچۆی قەڵادزێ بە 964ـی وت، “بە هەماهەنگى لەگەڵ پۆلیسى شارەوانى، دوای داواکاری هاوڵاتیان و دوکاندارانى بازاڕەکە، دەستگێڕەکانی بازاڕەکەمان گواستەوە، چونکە بوونی ئەو دەستگێڕانە، لە شوێنەدا بۆهاتوچۆی شەقامەکە و سیمای بازاڕەکەش گرفت بوو، بەڵام ڕەچاوی دۆخی کاسبکاران دەستگێڕەکانیش کراوە.
لە بارەى داواکاریى دەستگێڕەکانیشەوە، لێپرسراوی بنکەی هاتوچۆی قەڵادزێ دەڵێت: “لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی قەڵادزێ لە هەوڵداین هەرچی پێمان بکرێت لە رووی خزمەتگوزارییەوە بۆیان بکەین تا بە جێگیریى لەوێدا بمێننەوە.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح