بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێنی سلێمانی. وێنە: 964
زۆربەی بۆ نەخۆشانی تالاسیمایە
لە مانگێکدا نزیکەی چوار هەزار بتڵ خوێن لە سلێمانی بەخشراوە
964+
ژووری هەواڵ
لە ماوەی یەک مانگدا لە بانکی خوێنی شاری سلێمانی و نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکان، نزیکەی چوار هەزار بتڵ خوێن راکێشراوە.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، لە رێکەوتی 1.1.2024 بۆ 31.1.2024، حەوت هەزار و 690 هاوڵاتی بە مەبەستی بەخشینی خوێن سەردانی بانکی خوێن و نەخۆشخانەکانیان کردووە و سێ هەزار و 663 بتڵ خوێنیان لێوەرگیراوە.
نەخۆشانی تالاسیما زۆرترین خوێنیان پێبەخشراوە کە رێژەی وەرگرتن گەیشتووەتە 885 بتڵ، دواتر توشبووانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا لەرووی وەرگرتنی خوێنەوە بە پلەی دووەم دێن کە 554 بتڵ خوێنیان وەرگرتووە.
بە وتەی کۆچەر ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی سلێمانی بۆ 964، خوێنی ناقسەکان کەمن و کەمیش داوا دەکرێن، بەڵام کۆمەڵەکانی +A و +O زۆریشن و زۆریش داوا دەکرێن.
تەندروستی سلێمانی دەڵێت، 331 بتڵ خوێن لە نەخۆشخانەی شار 129 بتڵ خوێن لە نەخۆشخانەی مناڵبوون و 951 بتڵ خوێن لەنەخۆشخانە ئەهلیەكان راكێشراوە.
“لەماوەی مانگی رابردوودا لەبانكی خوێن پێنج هەزار و 443 پشكنینی هیماتۆلۆجی و چوار هەزار و 27 پشكنینی گروپی خوێن و چوار هەزار و 209 پشكنینی ڤایرۆسات و هەروەها دوو هەزار و 187 جیاكردنەوەی پێكهاتەكانی خوێن ئەنجام دراوە”، تەندروستی سلێمانی وا دەڵێت.