+A و +O زۆرن
خوێنبەخشین لە سلێمانی زیادیکردووە
964+
پێشەوا محەمەد
لە چاو مانگی 9 خوێنبەخشین لە شاری سلێمانی زیادیکردووە. لە مانگی 10ـدا سێ هەزار و 546 بتڵ خوێن بەخشراوە و بەوەش نزیکەی 500 بتڵ خوێن زیاتر لە مانگی نۆ دراوە بە بانکی خوێنی سلێمانی.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، ئەو رێژەیە هی بانکی خوێن و سەرجەم نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکانە.
“بە گشتی لە سلێمانی رێژەی داواکردنی و پێویستی بۆ خوێن دەگۆڕێت و رۆژانە لەنێوان 80 بۆ 90 بتڵ بەرزونزم دەکات”، ئەوە قسەی کۆچەر ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی سلێمانییە بۆ 964.
بە پێی ئاماری تەندروستی سلێمانی، مانگی رابردوو 840 بتڵ خوێن لە نەخۆشخانەی تالاسیما و 472 بتڵ خوێن لە نەخۆشخانەی هیوا و 411 بتڵ خوێن لەنەخۆشخانەی شار و 139 بتڵ خوێن لە نەخۆشخانەی مناڵبوون و 975 بتڵ خوێن لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان راكێشراوە.
بەڕێوەبەری بانکی خوێنی سلێمانی وتیشی، “خوێنی ناقسەکان کەمن و کەمیش داوا دەکرێن، بەڵام کۆمەڵەکانی +A و +O زۆریشن و زۆریش داوا دەکرێن”.
هەر لە مانگی رابردوودا لە بانكی خوێن پێنج هەزار و 582 پشكنینی هیماتۆلۆجی و سێ هەزار و 652 پشكنینی گروپی خوێن و چوار هەزار و 71 پشكنینی ڤایرۆسات و هەروەها هەزار و 406 جیاكردنەوەی پێكهاتەكانی خوێن ئەنجام دراوە.