دەستەی ژینگە: 278 پرۆژە رێنماییە ژینگەییەکانیان رەچاونەکردووە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە هەرێمی کوردستان 278 پرۆژە بە پێچەوانەی رێنماییەکانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە جێبەجێکراون و زۆرترینیان لە سلێمانین و سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، عەبدولرەزاق خەیلانی وتەبێژی دەستەی ژینگە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئامارەکانی 2022ی رایگەیاند و وتی، ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 30 پرۆژە رەتکراونەتەوە بەهۆی ئەوەی پابەند نەبوون بە رێژەی سەوزایی یاخود شوێنەکانیان گونجاو نەبوون بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە.

لە ئیدارەی راپەڕین زۆرترین پرۆژە کە 11 دانەن و لە دهۆکیش کەمترین پرۆژە کە سێ دانەن رەتکراونەتەوە بەهۆی ئەوەی مەرجە ژینگەییەکانیان تێدا نەبووە.

بە وتەی عەبدولرەزاق خەیلانی پرۆژەکان بریتی بوون لە وەبەرهێنان، پیشەسازی، کشتوکاڵ، خزمەتگوزاری، تەندروستی و بازرگانی.

لەکۆی دوو هەزار و 868 پرۆژە، 124 پرۆژە سزای پێبژاردنیان بۆ کراوە و دوو هەزار و 176 جار بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە کە پابەند بن.

کۆی داهاتی کرێی پشکنین و سزادان کە لەلایەن دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە کۆکراوەتەوە گەیشتووەتە 935 ملیۆن و 521 هەزار دینار.

ساڵی 2022، دوو هەزار و 868 پرۆژە رەزامەندی دەستەی ژینگەیان وەرگرتووە و بەم جۆرە بووە، لە هەولێر یەک هەزار و 253 پرۆژە، لە سلێمانی 902 پرۆژە، لە دهۆک 322 پرۆژە، لە هەڵەبجە 18 پرۆژە، لە راپەڕین 141 پرۆژە، لە گەرمیان 232 پرۆژە.