سەوزە و میوە لە دوكانێك لە سلێمانی، فۆتۆ: 964
بەهۆی پابەند نەبوونیان بە رێنماییەکان
لە زاخۆ 15 دوکان و شوێنی بازرگانی مۆڵەتیان لێ وەرگیرایەوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
قایمقامیەتی زاخۆ ئەمڕۆ شەممە هەڵمەتی پشکنینی لە بازاڕی زاخۆ ئەنجامداوە و 35 دوکان و شوێنی بازرگانی داخستووە و لەناو ئەو ژمارەیە 15 دوکان و شوێنی بازرگانی مۆڵەتیان لێ وەرگیراوەتەوە.
ئەو دوکان و شوێنانەی لیژنەکەی قایمقامیەت دایخستوون، بەهۆی پیسکردنی ژینگە و قۆرخکردنی شۆستەی شەقامەکان و جێبەجێ نەکردنی رێنماییە تەندروستییەکان داخراون.
وەڵات هەجەر، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەتی زاخۆ بە 964ی وت، ئەمڕۆ شەش دوکان بڕیاری داخستنیان بۆ دەرچوو، مۆڵەتی کارکردن لە 15 دوکان و شوێنی بازرگانی وەرگیرایەوە و هاوکات 14 دوکانیش پسولەی سزادانیان بۆ بڕا.
سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەتی زاخۆ دەڵێت، “ئەم سزادانە رێککەوت نییە، ئێمە دوو ساڵە دوکانداران ئاگادار دەکەینەوە”.
سەبارەت بەو شوێن و دوکانانەی مۆڵەتی کارکردنیان لێ وەرگیراوەتەوە، وڵات هەجەر دەڵێت، دەبێت سەردانی قایمقامیەت بکەن، تا ئەو کاتەی رێنماییەکان جێبەجێ دەکەن و پابەند دەبن ئەو سزایە بەردەوام دەبێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی