داعش وازناهێنێت

مەترسیی زیاتر بۆ سەر دانیشتووانی داودە دروست بووە

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

بە وتەی دانیشتووانی گوندەکانی ناوچەی داودە لە سنووری دوزخورماتوو، تادێت مەترسییەکانی چەکدارانی داعشیان زیاتر لەسەر دروست دەبێت و داوادەکەن چارەسەری بەپەلەی دۆخەکەیان بۆ بکرێت.

مەهدی حەسەن، هاوڵاتییەکی دانیشتووی گوندی دوڕاجیەیە لە ناوچەی داودە، بە 964ـی وت، “زیاتر لە 5 ساڵە ناوچەکەمان لە ژێر هەڕەشەی چەکدارانی داعشدایە و کەس خۆی بە خاوەنمان نازانێ، ناتوانین بەهۆی مەترسییەکانی چەکدارانی داعشەوە ئاژەڵەکانمان ببه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی گوندەکە”.

دەشڵێت، تا ئێستا دوو شوانکارە لە گوندەکەیاندا لە دوای رفاندنیان لە لایەن چەکدارانی داعشەوە کوژراون و نزیکەی 10 کەسیشیان دوای رفاندنیان لە بەرامبەر بڕە پارەیەک ئازادکراون.

964 پەیوەندیی بە حەمە چەوری، جێگری فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری دوزخورماتوو کرد و وتی، “هەوڵ زۆرمان دا تا ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لە نێۆان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا دروست بووە پڕبکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق هەنگاوی بۆ چارەسەری ئەو بابەتە نەناوە و بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە”.

دەشڵێت، داعش زانیارییان لەسەر هەموو جموجۆڵێکی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێدەگات و رۆژێک پێش هەر ئۆپەراسیۆنێک بۆ سەر جێگەکانیان ئاگادارن و دەیگوازنەوە بۆ شوێنێکی دیکە.

سنووری ناحیەی نەوجول، کە بە ناوچەی داودە ناسراوە، دەکەوێتە نێوان سنووری قەزای دوزخوماتوو – کفری، کە نزیکەی 45 گوند لەخۆدەگرێت، دوای هاتنی چەکدارانی داعش بۆ سنوورەکە، زیاتر لە 20 گوند بە تەواوی بەرەو چۆڵبوون دەچن.

مەترسیی جموجۆڵی چەکدارانی داعش دوای ئەوە دێت، ماوەیەکە بە مەبەستی وەرگرتنی پارە، چەکداران دەستیان بە رفاندنی شوانکاره‌ و هاوڵاتیانی ئەو گوندانەی سنووری ناوچەی داودە کردووە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

لە دوزخورماتوو لە هەفتەیەکدا 18 تۆمەتبار دەستگیر کراون

لە دوزخورماتوو لە هەفتەیەکدا 18 تۆمەتبار دەستگیر کراون