کەمپینی گەنجان لە زانکۆی راپەرین. وێنە :964
کار بۆ گەنجان دەدۆزنەوە
لە زانکۆی راپەڕین کەمپەینێک رێکخراوە بەناوی “مەڕۆ چاکی بکە”
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
ژمارەیەک گەنجی شارەکانی رانیە، چەمچەماڵ و هەڵەبجە لە زانکۆی راپەڕین بەهاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی “سپارک”ی هۆڵەندی کەمپەینێکیان رێکخستووە بەناوی “مەڕۆ چاکی بکە”.
رێباز محەمەد یەکێکە لەوانەی رێکخەری کەمپەینەکەیە بۆ 964 قسەیکردووە وتی، “ئێمە 21 گەنجین و بڕیارە شەش مانگ ئەو کەمپەینە بەردەوامی پێ بدەین و هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، ئامانجەکە ئەوەیە ئەو گەنجانەی پارە لە رێگای کۆچ خەرج دەکەن، لێرە پڕۆژەیەکی پێ ئەنجام بدەن و ببنە خاوەن کاری خۆیان”.
بەوتەی رێباز محەمەد، ئەوان کۆمەڵێک چالاکی مەیدانی و ئۆنڵاینیان هەیە، جگە لە خولی راهێنان، هەماهەنگیان لەگەڵ کۆمپانیاکان هەیە بۆ دۆزینەوەی هەلیکار و خستنەسەر کاری گەنجان.
دەڤەری راپەڕین یەکێکە لەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی کەمی رێژەی کارەوە ساڵانە گەنجێکی زۆر پەنا دەبەنە بەر کۆچی نایاسایی بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا، بەپێی ئاماری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا، لە ساڵی 2023-2024 لەسەرتاسەری هەرێم 21 هەزار هاوڵاتی کۆچیان کردووە، لەو ژمارەیە سێ هەزار و 400 کەسیان هاوڵاتی دەڤەری راپەڕین بوون.
لەماوەی ئەو دوو ساڵە 37 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، شەشیان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون، تەرمی چوار لەو کەسانە گەڕێندراوەتەوە و دووانیان تەرمەکانیان دیار نییە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی
ئایا 98%ی گەنجانی دوو گوندی راپەڕین كۆچیان کردووە؟