یارسانەکان بە ئاوازی کوردی نەبیستراو جەژنی قەوڵتاس دەکەنەوە

+964

بەهرە محەمەدئەمین

لە جەژنی ئەمساڵیاندا، یارسانەکان بە بڵاوکردنەوەی دەیان ئاوازی کوردی نەبیستراو یادەکە دەکەنەوە.

قەوڵتاس، جەژنێکی تایبەتی یارسانیەکانە، باس له‌وه‌ده‌كرێ سێ کەس لە یارانی سوڵتان سەهاکی یارسانی، لە ناوچەی قەوڵتاس لە شارۆچکەی پاوە کەوتونەتە ژێر بەفر، بەڵام دوای سێ رۆژ بە زیندوویی رزگاریان بووە، ئەم رووداوە ناونراوە جەژنی قەوڵتاس.

ئایینی یارسان بە چەند گەڕێکی (دەوران) دا رۆیشتووە، بەپێی سەرئەنجام (نووسراوی پیرۆزی یارسانەکان) پەیڕەوانی ئایینەکە ماوەی ھەر گەڕێک بە 300 ساڵ دەخەمڵێنن. ھەتاوەکو سەردەمی سوڵتان سوھاک ئایینی یارسان ھەشت گەڕی بەخۆوە بینێوە، بەمەش تەمەنی ئەم ئایینە بە لانیکەمەوە بۆ 2400 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

وەزارەتی رۆشنبیری، بە بۆنەی جەژنی قەوڵتاسی یارسانەکانەوە، سبەی دووشەممە لە هۆڵی پێشەوا بە بەشداری، کونسوڵ و بەرپرسان مەراسیمێک ساز دەکات، تیایدا یارسانەکان بۆ یەکەمجارئاوازی کوردی نەبیسراو بڵاودەکەنەوە.

یارسانەکان مانەوەیان بە زیندوویی وەک بەخششێکی خودا دەبینن، بۆیە بەروارەکە وەک جەژنی هیوا و ئومێد سەیر دەکەن، کە دەشێت خودا لە مردنی حەتمیشدا هیوا بە مرۆڤ بدات و رزگار ببێت.

فەرهاد کاکەیی، مامۆستای زانکۆ و چالاکوانی یارسانی بە 964+ـی راگەیاند: رۆژی دووشەممە جگە لە چەند وتارو باسێکی مێژوویی دەربارەی بۆنەکە، ئاوازی عیرفانی یارسانەکان پێشکەش دەکەین.

بە وتەی فەرهاد، ئاوازەکان، ئاوازی زۆر کۆنی کوردیین و لەلای یارسانەکان ماونەتەوە، هەندێک لەو ئاوازانە تا ئێستا نەبیسراون، سبەی بۆ یەکەمجار ئەم ئاوازانە لەگەڵ کوردستان بەش دەکەن، چونکە نەوەی نوێ زۆر ئاشنای ئەم ئاوازانە نین.

دەشڵێت: ئەم جەژنە سەرەتای رۆژژمێرێکی دیاریکراو نییە، بەڵام لەلایەن یارسانەکانەوە وەک سەری ساڵێکی ئایینی و، سەرەتایەکی نوێ دەبینرێت.

نەریتەکانیشی، سێ رۆژ بە رۆژوو بوون و دواتر ئاهەنگ گێڕانە، بەڵام رۆژوو گرتنەکە فەرز نییە، هەرچەندە گۆڕانکارییەکانی ژیان نەریتی قەوڵتاسیشی وەک سەرجەم نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی تر کاڵ کردۆتەوە.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو هەزار 500 یارسانی هەن، لە موسڵ، خازر، کەرکوک، داقوق خانەقین، هەڵەبجە و سەنتەری هەولێریش نیشتەجێن.