ژووری بازرگانی وا دەڵێت

“بەهۆی کەمی کارەبا بەرهەمی کارگەکانی سلێمانی کەمیکردووە”

ژووری هەواڵ

ژووری بازرگانی سلێمانی داوا لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای پارێزگاکە دەکات کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بۆ کارگەکان زیادبکەن و نرخی کارەبایان لەسەر کەمبکەنەوە، چونکە بەرهەمیان کەمیکردووە.

رۆژی یەکشەممە 4.2.2024، ئەندامێکی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی سلێمانی سەردانی کارەبای سلێمانی کردووە و بە بەڕێوەبەری گشتی وتوە، کارگەکان بەهۆی کەمی کاتژمێرەکانی کارەبا توشی گرفتی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان بوون و بەهۆی گرانی سوتەمەنیش ناتوانن بەردەوام کار بە مۆلیدەکان بکەن.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی داوایکردووە، پێداچونەوە بکرێت بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی بۆ کارگەکان.

“گرانی نرخی کارەبا لەسەر کارگەکان هۆکارێکی دیکەی نیگەرانییەکانی خاوەن کارگەکانە، توانیمان بیگەیەنین بە بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی بۆئەوەی بتوانن کاربکەن لەسەر گەیاندنی پەیامی خاوەن کارگەکان بۆ دابەزاندنی نرخی کارەبا تا بتواندرێت لەناوخۆدا بەرهەم زیادبکرێت و دەرفەتی کاری زیاتر بڕەخسێنن”، ژووری بازرگانی سلێمانی وا دەڵێت.

لە راگەیەندراوەکەی ژووری بازرگانی سلێمانیدا هاتووە، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ خاوەن کارگەکان، بەڵێنیدا کاربکات بۆ داواکاریەکانیان بەتایبەت زیادکردنی پێدانی کاتی کارەبا، وە هەوڵدەدەن لە رووی نرخەوە داواکاری خاوەن کارگەکان بەرزبکەنەوە.

لەبارەی ئەوەی کا ئایا ئێستا رۆژانە چەند کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دەدرێت بە کارگەکان و پێشتر چۆن بوو، 964 پەیوەندی بە بەڕیوەبەری دابەشکردنی کارەبای سلێمانی کرد، بەڵام بەبیانوی ئەوەی رێگەپێدراو نییە قسە بکات، زانیارییەکەی باس نەکرد. 964 پەیوەندیشی کرد بە وتەبێژی کارەبای سلێمانی و بەڕیوەبەری ژووری بازرگانی سلێمانی، بەڵام هیچیان وەڵامیان نەدایەوە.