جامی کەنداویش قەیسەری نەگەڕاندەوە نیشتمانەکەی

964+
زینوێ راوی – هه‌ولێر

هێشتا روون نه‌بووه‌ته‌وه‌ و یه‌كلانه‌كراوه‌ته‌وه‌، بۆچی هونه‌رمه‌ندی ناودار كازم ساهیر له‌ ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی جامی كه‌نداوی 25 له‌ به‌سڕه‌ ئاماده‌نه‌بوو.

دوو رۆژ پێش ده‌ستپێكردنی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌، وابڵاوكرایه‌وه‌ هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی عێراقی كازم ساهیر به‌شداریی ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ ده‌كات، به‌ڵام دواجار نه‌هات.
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو، ئه‌سعه‌د عیدانیی پارێزگاری به‌سڕه‌ له‌ ئه‌كاونتی خۆی له‌ فه‌یسبووك، رایگه‌یاند كازم ساهیر دێته‌ به‌سڕه‌، به‌ڵام دواتر پۆسته‌كه‌ی سڕییه‌وه‌.
هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌نده‌كه‌ش لای خۆی نه‌ ره‌تیكرده‌وه‌، نه‌ پشتڕاستیشی كردووه‌ ئاماده‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌ ده‌بێت.

كازم ساهیر دوو رۆژ پێش ده‌ستپێكردنی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌، له‌ سۆشیال میدیای خۆیدا ڤیدیۆیه‌كی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ به‌ڕێوه‌چوونی جامی كه‌نداو له‌ به‌سڕه‌ گرنگه‌ و هیوای سه‌ركه‌وتنی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ی خواست.

پاڵه‌وانیه‌تیی جامی كه‌نداوی 25 ئێواره‌ی هه‌ینی رابردوو له‌ شاری به‌سڕه‌ به‌ ئاهه‌نگێكی سه‌رنجڕاكێش ده‌ستیپێكرد.

رۆژی ئاهه‌نگه‌كه‌، عه‌دنان درجال سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا دانی به‌وه‌دانا، كازم ساهیر به‌شداریی ناكات.

هێشتاش هۆكاری روونی به‌شدارینه‌كردنی كازم ساهیر له‌ ئاهه‌نگی جامی كه‌نداو دیار نییه‌.

له‌ ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌ هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ “حوسام ره‌سام، ره‌حمه‌ ریاز و محه‌مه‌د توركی” به‌شداربوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی شانۆكار.

كازم ساهیری گۆرانبێژی عێراقی، دوای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 1997 عێراقی جێهێشتووه‌ و تا ئێستا یه‌ك جار له‌ 2011 وه‌ك باڵیۆزی رێكخراوی یونیسێف گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ عێراق.

ساهیر ئێستا خاوه‌نی هه‌ردوو ره‌گه‌زنامه‌ی كه‌نه‌دی و قه‌ته‌ڕییه‌.