یانه‌ی هه‌ولێر یاریزانێكی ناوداری خۆی به‌ڕێكرد

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

یانه‌ی هه‌ولێر رایگه‌یاند، به‌ رێككه‌وتنی هه‌ردوولایان، گرێبه‌ستی مازن فه‌یازییان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای وه‌رزی ئه‌مساڵ وه‌ك یه‌كێك له‌ باشترین یاریزانه‌كانی خولی عێراق گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵدا كرا.

یانه‌ی وه‌رزشی هه‌ولێر له‌ په‌یجی فه‌رمیی خۆی له‌ فه‌یسبووك بڵاوی كرده‌وه‌، “به‌ شێوەیەکی فەرمی، لەسەر داوای راهێنەری یانەکەمان غازی فەهد، گرێبەستی یاریزان (مازن فەییاز) لە لایەن دەستەی کارگێڕیی یانەکەمان، بە رازیبوونی نێوان هەردوولا هەڵوەشێنرایەوە”.

یانه‌ی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی یاریزانه‌كه‌ كردووه‌ و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌خوازێت.

یانه‌ی هه‌ولێر له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م وه‌رزه‌ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ مازن فه‌ییاز كرد، كه‌ یاریزانی پێشووی یانه‌ی زه‌وڕا بوو، به‌ یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ باش و گرنگه‌كانی خۆیان وه‌سفیان كرد، به‌ڵام فه‌ییاز له‌م وه‌رزه‌دا ئاستێكی باشی پێشكه‌ش نه‌كرد و له‌ كۆی 12 یاریی ئه‌م وه‌رزه‌، كه‌ تا ئێستا كراون، ته‌نیا یه‌ك گۆڵی به‌ په‌ناڵتی تۆمار كرد، هه‌رچه‌نده‌ له‌ هێڵی هێرشبردن یاریی ده‌كات.

مازن فەییاز…فۆتۆ: پەیجی یانەی هەولێر

یانه‌ی هه‌ولێر، كه‌ ئێستا بۆ كه‌مپێكی مه‌شق له‌ توركیان، جگه‌ له‌ فه‌ییاز، كۆسره‌ت باییزیشی به‌ڕێكرد، كه‌ دوێنێ په‌یوه‌ندیی به‌ یانه‌ی نه‌ورۆزه‌وه‌ كرد، پێش ئه‌ویش و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م وه‌رزه‌ یاریزانی پیشه‌گه‌ری نه‌یجیری “ئیبراهیم شیبۆ لالی” به‌ڕێكرد.

به‌ وته‌ی ئیبراهیم قادر به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی هه‌ولێر، كه‌ دوێنێ بۆ 964+ قسه‌ی كرد، پلانیان هه‌یه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م زستانه‌ی یاریزاناندا دوو یاریزانی نوێ و پیشه‌گه‌ر بگوازنه‌وه‌ ریزه‌كانیان.

هه‌ولێر له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م وه‌رزه‌ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ 17 یاریزان واژوو كرد، به‌ڵام تیپه‌كه‌ له‌ بارێكی خراپدایه‌ و له‌ پله‌ی 15ی ریزبه‌ندییه‌ و 12 خاڵی هه‌یه‌.