لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان _ گرافیک: 964
لەسەر هێرشەکەی کۆرمۆر
حکومەت: هەموو لایەک هاوکار بن بۆ دەستگیر کردنی تیرۆرستان
ژووری هەواڵ
حکومەتی ھەرێم پەیامێکی لەسەر ھێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و داوادەکات، ھەموو لایەک ھاوکاری لیژنەی حکومەتی فیدراڵ بکەن، بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تیرۆریستان و سزادانیان.
ئەمڕۆ هەینی 26.1.2024، پێشەوا ھەورامانی، وتەبێژی حکومەتی ھەرێم لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، لەبارەی ھێرشەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر ئاماژەی بەوەدا، ”ئەم ھێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر ژێرخانێکی گرنگی وەک کارەبا کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی خەڵک و ئیش و کاروباری رۆژانەیان”.
باس لەوەش دەکات، وەکو حکومەتی ھەرێم داواکارن ھەموو لایەک ھاوکاری لیژنەی حکومەتی فیدراڵی بکەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی “تیرۆریستان” و سزادانییان و رێگری لە دووبارەبوونەوەی کردەوەی ھاوشێوە.
کاتژمێر 10:30 خولەکی دوێنێ شەوی پێنجشەممە بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە قادرکەرەم و ئاگر لەناو وێستگەیەکی غازی کۆرمۆر بەرزبووەوە، بەوهۆیەوە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بەشێوەیەکی کتوپڕ دابەزی.