قۆناغی دووەم دەستپێدەکات

پرۆژە گەشتیاریەکەی چیای زاوا بەردەوامە

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

لە چیای زاوا پرۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری دروست دەکرێت، ئێستا قۆناغی یەکەمی کۆتایی هاتووە کە پێکهاتووە لە تەلەفریک و هەپی، پارکی چیای زاوا شوێنی مانەوەی هاوڵاتیانی تیادایە.

ئێستا بڕیارە قۆناغی دووەمی پرۆژەکە دەست پێبکات و چەندان هۆتێل و مۆتێل و خواردنگە و کافتریای دروست دەکرێت.

شەماڵ هروری بەرپرسی راگەیاندنی گەشتوگوزاری دهۆک بە 964ـی وت، بناری چیای زاوا پرۆژەیەکی گەورەی گەشتیارییە، ئەم پرۆژەیە بووەتە هۆی ئەوەی گەشتیاری زیاتر روو لە پارێزگای دهۆک بکەن و هەروەها شوێنێکی دڵرفێنە و گەنجان و خێزانەکانیش سەردانی دەکەن لە هەرچوار وەرزی ساڵ.

وتیشی، ئێستا قۆناغی دووەم لە پرۆژەی گەشتیاری چیای زاوا دەست پێدەکات کە بریتییە لە دروست کردنی هۆتێل و مۆتێل و کافتریا و خواردنگەی سەردەمیانە و هەروەها شاری یاری منداڵان بە جوانترین شێوە و کوالێتی کە دەبێتە پرۆژەیەکی گرنگی گەشتیاری و گەشتیاری زیاتر دەهێنێتە پارێزگای دهۆک.

پرۆژەکە ئامادەیە و تەنیا ماوە بەلێندەر وەری بگرێت و کارەکانی خۆی ئەنجام بدات، شەماڵ هروری وا دەڵێت.

لە ساڵی 2023دا ژمارەی ئەو گەشتیارانەی روویان لە پارێزگای دهۆک کردبوو تاوەکو مانگی 12 نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار بوون.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

ئەمساڵ زیاتر لە 2 ملیۆن گەشتیار سەردانی دهۆکیان کردووە

ئەمساڵ زیاتر لە 2 ملیۆن گەشتیار سەردانی دهۆکیان کردووە