لەرێگەی 23 مەفرەزەوە کۆنتڕۆڵکراون
لە ئاکرێ و بەردەڕەش رۆژانە نزیکەی 10 ئاگرکەوتنەوە روویانداوە
فەرهاد حەسەن
لە سنووری قەزاکانی ئاکرێ و بەردەڕەش رۆژانە نزیکەی 10 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە و دوای کۆنتڕۆڵکردنیان لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی ئاکرێوە، هیچ زیانێکی گیانیان بەجێنەهێشتووە.
بەپێی ئەو ئامارە فەرمییەی کە عەمید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە 964 ی داوە ، لەماوەی 12 رۆژی رابردوودا 119 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی جیاواز لە ناوچە جیاوازەکان روویانداوە و تەواوی ئاگرەکانیش کۆنتڕۆڵکراون.
عەمید ئیبراهیم دەڵێت، شوێنی ئاگرکەوتنەوەکان جگە لە سنووری قەزاکانی ئاکرێ و بەردەڕەش روویانداوە و ئەوانیش لەرێگەی 23 مەفرەزەوە کاری کۆنتڕۆڵکردنەکانیان ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە هیچ زیانێکی گیانی لەدوای ئەم رووداوانە بەجێنەماوە، تەنیا زیانی ماددی نەبێت، ئەویش بە رێژەیەکی زۆر کەم.