28 هەزار کوڕ و کچیش پێک شادبوون
ئامارێکی مەترسیدار: لە مانگێکدا زیاتر لە 6 هەزار خێزان لە عێراق هەڵوەشاونەتەوە
964+
وریا فەتاح
بەپێی نوێترین ئاماری فەرمی کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، تەنیا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2026دا، رێژەی جیابوونەوە لە دادگاکانی عێراقدا ئاستێکی بەرزی تۆمارکردووە و لە بەرامبەر هەر 4 بۆ 5 پرۆسەیەکی هاوسەرگیریدا، حاڵەتێکی جیابوونەوە روویداوە.
لە ئامارەکەدا، کە دادگاکانی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە، دەردەکەوێت کە لە ماوەی یەک مانگدا (28,085) گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمارکراون، بەڵام لە هەمان کاتدا (6,250) حاڵەتی تەڵاق و لێکجیابوونەوەش بڕیاریان لێدراوە. بەمەش رێژەی جیابوونەوە بەراورد بە پێکهێنانی خێزان دەگاتە زیاتر لە (22.2%). ئەمەش بەو واتایە دێت کە رۆژانە زیاتر لە 208 خێزانی عێراقی هەڵوەشاونەتەوە و کۆتاییان هاتووە.
پارێزگای بەغدای پایتەخت بە هەردوو ناوچەی کەرخ و رەسافە، پشکی شێری بەرکەوتووە هەم لە زۆریی رێژەی هاوسەرگیری و هەمیش لە رێژەی تەڵاق، بە جۆرێک تەنیا لە پایتەختدا (2,450) حاڵەتی تەڵاق تۆمارکراوە. لە بەرامبەریشدا پارێزگای موسەنا کەمترین حاڵەتی تەڵاق (108 حاڵەت) و کەمترین گرێبەستی هاوسەرگیری (621 گرێبەست)ی تێدا تۆمارکراوە.
وردەکاریی ئاماری دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی عێراق بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
بەغداد / رەسافە: 4,172 هاوسەرگیری بەرامبەر 1,310 تەڵاق.
بەغداد / کەرخ: 3,306 هاوسەرگیری بەرامبەر 1,140 تەڵاق.
نەینەوا: 2,907 هاوسەرگیری بەرامبەر 572 تەڵاق.
بەسرە: 2,403 هاوسەرگیری بەرامبەر 626 تەڵاق.
ئەنبار: 1,655 هاوسەرگیری بەرامبەر 336 تەڵاق.
بابل: 1,654 هاوسەرگیری بەرامبەر 197 تەڵاق.
زیقار: 1,603 هاوسەرگیری بەرامبەر 152 تەڵاق.
نەجەف: 1,448 هاوسەرگیری بەرامبەر 233 تەڵاق.
کەرکوک: 1,303 هاوسەرگیری بەرامبەر 221 تەڵاق.
دیالە: 1,297 هاوسەرگیری بەرامبەر 230 تەڵاق.
کەربەلا: 1,295 هاوسەرگیری بەرامبەر 335 تەڵاق.
واسیت: 1,238 هاوسەرگیری بەرامبەر 117 تەڵاق.
سەڵاحەدین: 1,217 هاوسەرگیری بەرامبەر 197 تەڵاق.
قادسیە: 1,009 هاوسەرگیری بەرامبەر 297 تەڵاق.
میسان: 957 هاوسەرگیری بەرامبەر 179 تەڵاق.
موسەنا: 621 هاوسەرگیری بەرامبەر 108 تەڵاق.