سکاڵایان لەسەر بوو
ئەو گروپەی لە ئاکرێ شوێنەواریان شێواندبوو دەستگیرکران
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
پۆلیسی ئاکرێ گروپێکی بەتۆمەتی شێواندنی شوێنەوارەکانی ئەو قەزایە دەستگیرکردووە، هێندە نا لەماوەی رابردوو چەند کەسێکی دیکە لەسەر هەمان بابەت لەو قەزایە رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.
هیوا شەماڵ، بەڕێوەبەری شوێنەواری و کەلەپوری ئاکرێ بە 964ـى وت، لە سنووری قەزای ئاکرێ بەبێ ئاگادار کردنەوەی ئێمە، چەند گروپێکی نەزانراو کاری هەلکۆلینیان لە شوێنەوارەکان کردووە و دەستکاری بەشێک لە شوێنەوارەکانی ئاکرێیان کردووە.
وتیشی، “سکاڵامان لەسەر چەند کەسێک تۆمار کردووە لە بنکەی پۆلیسی ئاکرێ، ئەوان گروپێک بوون، دەستگیرکران و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بەردەوامە.
بەوتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری ئاکرێ، لەماوەی رابردوو چەند سکاڵایەکی دیکەش تۆمارکراون لەبەر ئەوەی دەستکاری شوێنەواریان کردبوو، لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو کەیسانەش بەردەوامن.
بەپێی ئەو ئامارەی دەست 964 کەوتووە، لە سنوری پارێزگای دهۆک زیاتر لە دوو هەزار و 221 ناوچەی شوێنەواری بوونیان هەیە و گەڕان و پشکنینیش بۆ شوێنەواری نوێ بەردەوامی هەیە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی