لە زەڕایەن
مادە رەشەکە دەرکەوتەوە و ئاژەڵی تێ کەوتووە
بڕوا مەجید – زەڕایەن
نزیکەی حەوت مانگ بەسەر رژان و فڕێدانی ماددەیەکی رەشی هاوشێوەی “رۆنەرەشە”، کە بۆنێکی تیژی وەک تێزابی هەیە لە چەند شوێنێکی دەشتی شارەزوور تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستاش مەترسییەکانی ئەو ماددەیە لەسەر ژینگە و ژیانی هاوڵاتیان و ئاژەڵداران بەردەوامە و ناوچەکە پاکنەکراوەتەوە.
تازە بە تازە لە نزیک زەرایەن ماددەکە دەرکەوتەوە و ئاژەڵێکی تێکەوتووە بە زەحمەت دەریان هێناوە، خاوەنەکەی دەڵێ، وای زانیوە ئاوە و بۆ خواردنەوە چووە.
بیلال عەلی، کە ئاژەڵدارێکی ناوچەکەیە بۆ 964 وتی، من بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانم رووم لەم ناوچەیە کردووە، تەنیا منیش نیم، بەڵکو چەندین ئاژەڵداری تریش لەم سنوورەدا هەن و مەڕوماڵاتیان لێرە دەلەوەڕێنن، دوێنێ یەکێک لە ئاژەڵەکانم تینووی بووە و بەهۆی نەزانینەوە وایزانیوە ئەو ماددە ڕەشە ئاوە، چووەتە ناوی و تێیکەوتووە.
بیلال دەڵێ، دوای هەوڵێکی زۆر بە زەحمەت توانیمان لەناو ئەو ماددە چەسپاوە دەریبهێنین، بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێنێتەوە و گیان لەدەست نەدات، دەستبەجێ شۆردوومانە و چەندین جۆر دەرمانمان بۆ بەکارهێناوە، لە کۆتاییشدا ناچار بووین تەواوی خورییەکەی ببڕینەوە بۆ ئەوەی لەو ماددە ژەهراوییە رزگاری بێت.
بورهان مەلا رەشید، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی زەڕایەن، لەبارەی رژانی ئەو مادەیە بە 964ی وت، ئێمە ئاگاداری ئەو مادەرەشەنین کەساڵی پار رژاوە و بەهۆی نەبوونی ئامێری پێویست وەک شۆفڵ و گڵابە نەمانتوانیوە مادەرەشەکە داپۆشین.
سەلام عومەر بەڕێوبەری ناحیەی زەڕایەنە ئەو لەبارەی بوونی مادە رەشەکە دەڵ، رژانی ئەو ماددەیە لەپێش دەستبەکاربونی منەوە بووە، لەم ماوەی دەستبەکاربوونمدا هیچ گلەی وگازندەیەکی هاوڵاتیان و ئاژەڵدارانمان بۆ نەهاتووە لەسەر ئەومادە رەشە، بۆ ئەمەش لە رۆژانی داهاتوودا هەوڵی تەواو دەدەین بۆ پڕکردنەوەی و چیتر مەترسی بۆ سەر هاوڵاتیان و ئاژەڵداران نابێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا