قایمقامی دەربەندیخان وادەڵێت
کەرتی تەندروستی لە دەربەندیخان بەتەواوی پەراوێز خراوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
قایمقامی قەزای دەربەندیخان دەڵێت: ھیچ داواکاریەکی قەزاکە لەلایەن بەرپرسانی تەندروستی جێبەجێناکرێت، کەرتی تەندروستی لە دەربەندیخان زۆر خراپە.
سلێمان محەمەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ى وت، “داواکاریەکانمان گەیاندووەتە لایەنی پەیوەندیدار، بەڵام کەس وەڵاممان ناداتەوە، کەرتی تەندروستی لە دەربەندیخان لە ئاستێکی زۆر خراپدایە، رۆژ بە رۆژ زیاتر پەرواێز دەخرێت”.
قایمقامی دەربەندیخان ئەوەش دەڵێت، “لە بومەلەرزەکەی ساڵی 2017، زیانێکی زۆر بەر کەرتی تەندروستی شارەکە کەوت، ھۆڵی نەشتەرگەری کە گرنگترینیانە تاکو ئێستا کارەکانی نۆژەنکردنەوەی تەواو نەبووە، ئامێری سیتی سکانمان خراپ بووە کەس نیە چاکی بکاتەوە”.
کێشەی کەمی و نەبوونی پزیشکی پسپۆرمان ھەیە، شوێنی مانەوە دابین نەکراوە بۆئەوەی پزیشکەکان بمێننەوە ، لەھەفتەیەکدا دوو رۆژ دەوام دەکەن و ئەویش ئەوپەڕی دوو سەعاتە، داواکارین لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدەم گرفتەکانمان بێن، ئەمەش سلێمان محەمەد وای وت.
قەزای دەربەندیخان ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 70 ھەزار کەس دەبێت.