دەست بە کار دەکرێتەوە

تەکیەی کەسنەزانی: رێگریمان لە کەس نەکردووە

+964

دیلان محەمەد جەزا

گرتە ڤیدیۆیەک لە تەکیەی کەسنەزانی لە شاری سلێمانی شەوی رابردوو بڵاوبووەوە، تێیدا ژمارەیەک کەس چەکیان هەڵگرتبوو، هەروەها هوتافیان دەکێشا، سەرەتا دەنگۆی رێگریکردن بڵاووبوەوە لە پڕۆژەی یەکتربڕی باخی بەختیاری و ئەمڕۆ 964 بەدواداچوونی بۆ راستیی بابەتەکە کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تەکیەی کەسنەزانی بە 964 وت، ژمارەیەکی زۆر مورید و دەروێش لە تەکیەی کەسنەزانی هەن و بەردەوام پاسەوانی تەکیەکە دەکەن، ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوبووەتەوە دوور و نزیک پەیوەندی بە یەکتربڕی باخی بەختیارییەوە نییە.

سەرچاوەکە باسی لەوە کرد، چەکدارەکان تەنیا لەناو تەکیەکەدا بوون و نەچوونەتە دەرەوە، پیشاندانی ئەو هێزە بۆ بابەتێکی دیکەیە، کە نایانەوێت ئێستا باسی بکەن و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە پڕۆژەی یەکتربڕەکەوە نییە.

وتیشی: “پڕۆژەی یەکتربڕی باخی بەختیاری لە رابردوودا لەسەر پێشنیاری شێخ نەهرۆ کەسنەزانی بووە، لە ساڵی پاردا گرفتمان لەگەڵ شوێنەکەی هەبووە و چارەسەر کراوە، ئەگەر گرفتمان لەگەڵ پڕۆژەکە هەبووایە دەچووینە دەرەوە”.

توانا محەمەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیار لە یەکتربڕی باخی بەختیاری بە 964 وت، “لە رابردوودا گرفتیان هەبووە، بەڵام کەمێک لەمەوبەر چارەسەر کراوە و دەست بە کار دەکەنەوە”.

باسی لەوەش کرد، تەنیا ئەو بۆری ئاوە ماوە کە بە شەقامی بەردەم تەکییەکەدا تێدەپەڕێت و ئەمڕۆ وەڵامیان دراوەتەوە و دەتوانن کاری تێدا بکەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

رێگری لە تەواوکردنی شەقامێکی یەکتربڕی باخی بەختیاری د...

رێگری لە تەواوکردنی شەقامێکی یەکتربڕی باخی بەختیاری دەکرێت