لە رانییە
کلینیکی ڤێتێرنەری و کشتوکاڵی لێکجیاکرانەوە
964+
پێشەوا محەمەد
قایمقامیەتی رانییە هەریەکە لە کلینیکەکانی ڤێتێرنەری و کشتوکاڵی لێکجیاکردەوە و بە دانانی کەسانی پسپۆڕ لە بووارەکاندا پابەندی کردوون.
پێشتر ئەو دوو کلینیکانە بەیەکەوە بوون و یەک کەسیش بەڕێوەی دەبردن، کە بەپێی زانیارییەکانی قایمقامیەتی رانییە، شارەزای یەک بوواریان بوو.
کارزان سلێمان، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانییە بە 964ـی راگەیاند، ئەو دوو کلینیکە لێکجیاوازن و هەردووکیشیان دەرمانی کیمیاییان هەیە و پێویستە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا بەڕێوەیان بەرێت.
وتیشی، “لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستانیش ئەو دوو کلینیکە بەیەکەوەن، بەڵام پێویستە جیابکرێنەوە چونکە مەترسیدارە و کەسێک کە لە بوارێکدا شارەزا نەبێت ناتوانێت کاری تێدا بکات و دەرمان دابەش بکات”.
کلینێکی ڤێتێرنەری تایبەتە بە ئاژەڵ و دەرمان و خواردن و چارەسەری نەخۆشییەکانی تێدا دەکرێت، کلینیکی کشتوکاڵیش تایبەتە بە دەرمان و نەخۆشییە کشتوکاڵییەکان.
“بۆ ساڵی نوێ چاودێریی چڕمان لەسەر ئەو کلینیکانە دەبێت و لە کاتی هەر سەرپێچییەکدا سزایان دەدەین”، کارزان سلێمان وای وت.