لە هەولێر دەبێت
وادەی بەستنی کۆنفرانسی پاراستنی منداڵ دیاریکرا
964+
پێشەوا محەمەد
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم بڕیاری دا رۆژانی 2.6.2024 -1 کۆنفرانسی پاراستنی منداڵ لە شاری هەولێر بەڕێوەببات.
لە کۆنفرانسەکەدا پرسەکانی تەندروستی، کارپێکردن، برسێتی و تووندوتیژی و ئیستیغلالکردنی منداڵ گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت و هەوڵ دەدرێت رێگاچارەیان بۆ بدۆزرێتەوە.
“هەموو ئەو باسانەی پەیوەندییان بە منداڵ و کۆمەڵگا و خێزان و کێشەکانیانەوە هەیە باس دەکرێن و دواتر سەرجەم ئەنجامەکان و توێژینەوەکان لە گۆڤارێکی زانستیدا چاپ دەکرێن”، ئەوە قسەی ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە بۆ 964.
دەشڵێت، سەرجەم تەوەرەکان پێشوەختە توێژینەوەیان لەبارەوە کراوە و رێکار و پێشنیاری گونجاو لە توێژینەوەکاندا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خراونەتەڕوو.
بەپێی ئامارێکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان کە دەست 964 کەوتووە، هەزار و 213 منداڵی ئیشکەر لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و 500 لەوانە منداڵی ناوخۆن و ئەوانی تر هی دەرەوەی هەرێمن.