شۆفێران یەکتر ئاگادار دەکەنەوە

گروپەکانی ناو سۆشیال میدیا کەم نەبوون ئەوا بەنزینیشی هاتەسەر

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

گروپەکانی ناو سۆشیال میدیا کەم نەبوون، ئەوا بەنزینیشی هاتەسەر، لە هەولێر شۆفێران بۆ ئاگاداربوون لە وەزعی بەنزین و بەنزینخانەکان گروپێکیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی واتسئەپ داناوە و لەو رێیەوە یەکتر ئاگادار دەکەنەوە.

گروپەکە لە ئێستادا زیاتر لە 600 کەسی تێدایە و لە هەر بەنزینخانەیەک، بەنزینی 750 دیناری دابەش بکرێ، هەرخێرا ناوەکەی دەخرێتە ناو گروپەکە و بە 10 خولەکێک، شۆفێران خۆیان دەگەیەننە بەنزینخانەکە.

دوێنێ حکومەتی هەرێمی کوردستان چوار بڕیاری بۆ دەربازبوون لە قەیرانی بەنزین دەرکرد، بەڵام هێشتا وەزعەکە بەتەواوەتی ئاسایی نەبووەتەوە و لە زۆربەی شوێنەکان، سەرەیەکی دوورودرێژ بۆ وەرگرتنی بەنزین دەگیرێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری