فەرمانگەی ژینگەی هەولێر وادەڵێت
هەركەسێك ببێتە هۆكاری پیسبوونی ژینگە دەستگیردەكرێت
964+
ئەحمەد شەمزین-هەولێر
هەركەسێك ببێتە هۆكاری پیسبوونی ژینگە و بە بێ هۆکار ئاگربکاتەوە دەستگیردەكرێت بەرگری شارستانیش دەڵێت، دوای ئاگادارکردنەوە سزا دەدرێن.
هەندێک کەس زۆر جار ئاگر دەکەنەوە بەتایبەت لە قەراغی شارەکان و دوکەڵ و پیسی ئاسمان دەتەنێت بۆیە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر هەڕەشە لەو کەسانە دەکات.
دڵشاد هیرانی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە 964ـی وت، هەرکەسێک سکاڵا تۆمار بکات لەسەر ئەوەی ئاگرێک کراوەتەوە و دوکەڵی زۆری هەیە ئەوە ئەوکەسەی ئاگرەکەی کردووەتەوە سزا دەدرێت.
وتیشی، سزاکەی هەم پێبژاردنە و هەمیش دەستگیرکردنیەتی تاوەکو جارێکی دیکە دووبارەی نەکاتەوە.
كاروان میراودەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـی وت، وەك بەرگری شارستانی لەمەودوا هەركەسێك تایە بسوتێنی یان ئاگر بكاتەوە بەدەر لە مەراسیمی نەورۆز و ببێتە هۆکاری پیسبوونی ئاسمان و كەش و هەوا دەستگیردەكرێت.
كەش و هەوای هەولێر ماوەی چەند مانگێكە دوكەڵ و بۆنێكی ناخۆش ئاسمانی شارەکەی گرتووە و بەشێکی پەیوەندی بە دوکەڵی کارگەکان و بەشێکیشی بە ئەو ئاگرانەی کە هاوڵاتیان دەیکەنەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی