کرێکارێک لە دهۆک بە کارەبا گیانی لەدەستدا

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای دۆمیس سەر بە ناحیەی فەیدی لە پارێزگای دهۆک کرێکارێک لەکاتی کارکردندا لەسەر ستوونێکی کارەبا، کارەبا دەیگرێت و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

964 دەزانێت، ئەو کرێکارەی کارەبا گرتوویەتی تەمەنی 35 ساڵە و ئێستا تەرمی گەیێندراوەتە پزیشکی داد.

عەبدولقادر بامەڕنی بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای دهۆک بە 964ـی وت، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە کرێکارێک لەکاتی کارکردندا لە دۆمیس لەسەر ستوونی کارەبا ویستوویەتی محاویلە چاک بکات کارەبا گرتوویەتی و گیانی لەدەستدا.

وتیشی، کرێکارەکە سەر بە بەریوبەرایەتی کارەبای دهۆک نییە، بەڵکو کرێکاری کۆمپانیای ADMAیە لە دهۆک کە تایبەتن بە بەڵێندەرایەتی چاککردنەوەی محاویلە و ستوونی کارەبا.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک بە 964ـی وت، گەنجەکە تەمەنی 35 ساڵە و خەڵکی قەزای ئاکرێیە و ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای دۆمیس گیانی لەدەستداوە و رەوانەی قەزاکە کرایەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی