پار چی روویداوە؟
بەربەستی پاراستنی گەشتیاران لە ئەحمەد ئاوا و سەرچاوەی زەڵم دادەندرێت
964+
پێشەوا محەمەد
بەڕێوەبەرایەتی گەشتگوزاری هەڵەبجە بە مەبەستی پاراستنی گەشتیاران لە حاڵەتی نەخوازراو، بەربەست بۆ ئەو شوێنانەی سەیرانگای ئەحمەد ئاواو و سەرچاوەی زەڵم دادەنێت کە نزیکی ئاون.
ساڵی رابردوو منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ لە ئەحمەد ئاوا کەوتە ناو ئاوەکەوە و گیانی لەدەستدا، ئەمساڵ لیژنەیەک لە دەستەی گەشتوگوزار و وەزارەتی ناوخۆ سەردانی ئەو ناوچەیەیان کردووە و ئەو بڕیارەیان داوە.
هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، جگە لە دانانی ئەو بەربەستانە پۆستەری هۆشیاریش بە زمانی عەرەبی و کوردی هەڵدەواسن.
ئەحمەد ئاوا و سەرچاوەی زەڵم دوو ناوچەی گەشتیاریی سنووری پارێزگای هەڵەبجەن و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر روویان تێدەکات.