حاسڵاتی غەزە و دەوروبەر
ناتەنیاهۆ بۆ ئەردۆگان: “تۆ کورد دەکوژیت”
+964
ژووری هەواڵ
ئاردۆگانی سەرۆکی تورکیا دەڵێت: ئەوەی ئیسرائیل دەیکات هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ ئەوەی هیتلەر دەیکرد، ناتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوەو دەڵێت: ئاردۆگان کە خۆی کۆمەڵکوژی دژی کورد ئەنجام دەدات، دواهەمین کەسە ئەخلاق فێری ئێمە بکات.
بۆ یەکەمجار حەماس دوو چەکی نوێی لەشەڕەکەی دژی ئیسرائیل بەکارهێنا، یەکەمیان رۆکێتی (سام 18)یە کە رۆکێتێکی وێرانکەری روسییە، دووەمیشیان چەکی (RPO-A) ئاگر وەشێنە کە چەکی شەیتانیشی پێ دەوترێت، بەهۆی کاریگەرییە گەورەکەیەوە.
حسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران رایگەیاند: ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا ئۆپەراسیۆنێکی تەواو فەلەستینی بووەو دوورو نزیک پەیوەندی نییە بە تۆڵەکردنەوە بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی، ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە وتەبێژی پاسداران وتبووی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ هەقسەندنەوەی سولەیمانی کراوەو حەماسیش رەتی کردوە.
سوپای ئیسرائیلی رایگەیاند: ئەم بەیانییە سێ سەربازی لە غەزە کوژراون، بەمەش کۆی سەربازە کوژراوەکانی ئیسرائیل لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەرەوە گەیشتنە 501 سەرباز، لەو ژمارەیەش (167) سەربازیان لەو کاتەوە کوژراون کە هێرشی زەمینی بۆ سەر غەزە دەستی پێکردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: پاش وەستانی شەڕەکە، فەڵەستینییەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەین، لەوەش دڵنیاین ئیسرائیل ناتوانێت حەماس لەناو ببات.
بینی گانتس وەزیری حکومەتە جەنگییەکەی ئیسرائیل دەڵێت: تازە ناگەڕێینەوە بۆ پێش 7ی ئۆکتۆبەر، دەبێت حەماس لەناو ببرێت و بارودۆخی سەر سنووری لوبنانیش بگۆڕین.