"دۆستى ئێرانین"
درۆن زیانى زۆرى لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرى و گاودارییەکانى کۆیە داوە
دەریا ئەحمەد _ کۆیە
بەبێ ئەوەى بەشێک بن لە جەنگەکە و سەرقاڵى کاروکەسابەتى خۆیانن، کەچى هێرشە درۆنى و موشەکییەکانى ئێران، ژمارەیەک خاوەن کێڵگە پەلەوەرى و گاودارى کۆیەى هێنایە سەر ساجى عەلى و ئەوەى هەیانبوو و نەیانبوو، تێداچوو.
لەماوەى رابردوو کە بە درۆن هێرش دەکرایە سەر هەرێمى کوردستان، لە کۆیە ژمارەیەک کێڵگەى پەلەوەرى و گاودارى بۆردومانکران و لەگەڵ زەوى تەختکران.
ئەمڕۆ، ژمارەیەک لە خاوەن کێڵگەکان گردبوونەوە و داوا دەکەن حکومەت قەرەبوویان بکاتەوە و دڵنیاییان پێ بدرێت کە جارێکى تر ناکەونە بەرهێرش.
بەکر عومەر کە کێڵگە پەلەوەرییەکەى بەر هێرشى درۆنى کەوتووە و 22 هەزار جوجکەى تێدا چووە و بیناى کێڵگەکەى بە تەواوى وێران بووە، بۆ 964 قسەى کرد و وتى،”ئێستا من مردووم و نانى زیندوو دەخۆم، چونکە لە ساتى هێرشەکە خوا زۆرى نەمابوو تێدا بچم”.
خاوەن کێڵگە پەلەوەریى و گاودارییەکان، کەوتوونەتە دۆخێکەوە بە ترسەوە سەردانى کێڵگەکانیان دەکەن، چونکە ترسى دووبارەبوونەوەى هێرشیان هەیە، وەک دەڵێن: تەنانەت کرێکارانیش ئامادەنین کاریان بۆ بکەن.
ئەوان جگە لە داواى قەرەبوو، داواکارییەکى تریان هەیە کە کێڵگەکانیان پارێزراو بێت، چونکە ماوەیەکى تر وەرزى دروێنە دەستپێدەکات تەنانەت مەترسى ئەوەیان هەیە بەهۆى هێرشەکانەوە دەغڵ و دانەکانیشیان بسوتێت.
خاوەن پڕۆژەکانی تری سنورەکە دەڵێن مەترسیەکە لەسەر هەموومانە و بە ترسەوە دێین و دەڕۆین و تەنانەت شەوان هەر ناوێرین بێینە ئەم شوێنە.
ئەوان کە بەشێک نین لە ململانێکان، خۆیان وەک دۆست و دراوسێى ئێران دەناسێنن و دەڵێن،”نازانین بۆچى ئێمە بە ئامانج دەگیرێت؟”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح