رۆژانه لانیكه‌م پێنج نه‌خۆش په‌یوه‌ندی پێوه‌ده‌كه‌ن
له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی هه‌ولێر یه‌كه‌ى “مافى نه‌خۆش” كاراكراوه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له نه‌خۆشخانه‌ی “ئافرەتان و له دایکبوونی فێرکاری هەولێر”، زیاتر له ساڵێكه یه‌كه‌ی “مافى نه‌خۆش” كاركراوه و رۆژانه‌ش لانیكه‌م پێنج نه‌خۆش په‌یوه‌ندی پێوه‌ده‌كه‌ن.
ئه‌م یه‌كه‌یه به‌پێی رێنمایی وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى پێویسته له ته‌واوى نه‌خۆشخانه و ناوه‌نده ته‌ندروستییه‌كانى هه‌رێم كارا بێت و كه‌سی نه‌خۆش بۆ راوێژ و كێشه و داواكارى و تێبینییه‌كانیان په‌یوه‌ندى پێوه بكه‌ن.
سه‌باح میرزا، به‌رپرسی یه‌كه‌ى “مافى نه‌خۆش” له نه‌خۆشخانه‌ى ئافره‌تان و له‌دایكبوونى هه‌ولێر، به 964ـى وت، ئه‌م یه‌كه‌یه په‌یوه‌ندی نێوان نه‌خۆش و نه‌خۆشخانه‌ى به‌هێزتر كردووه و كارئاسانى زۆریش بۆ كه‌سی نه‌خۆش ده‌كات له‌و كێشانه‌ى هه‌یه‌تى، یاخۆ ئه‌گه‌ر پێویستى به راوێژكردنێك هه‌بێت.
وتیشی “له مانگى ئابی 2022 ئه‌و یه‌كه‌یه له نه‌خۆشخانه‌كه‌مان كاراكراوه و رۆژانه‌ش لانیكه‌م پێنج نه‌خۆش په‌یوه‌ندیمان پێوه ده‌كه‌ن”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، پزیشك و به‌شه‌كانى نه‌خۆشخانه هاوكاری باشیان ده‌كه‌ن له زوو وه‌ڵامدانه‌وه‌ى نه‌خۆشه‌كان و ئه‌وه‌ى پێویست بێت بۆیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
یه‌كه‌ى “مافى نه‌خۆش” له‌م نه‌خۆشخانه‌یه ژماره موبایلى 07502462211 ـى بڵاوكردووه‌ته‌وه بۆ په‌یوه‌ندیكردنى نه‌خۆش به نه‌خۆشخانه‌كه‌یانه‌وه.