بەهۆی لێڵ بوونی ئاوەوە
پرۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ کار ناکات
964+
توانا نەقی
بەهۆی ئەو رێژە زۆرەی باران بارینی دوێنێ و دروستبوونی لافاو و بەرزی رێژەی لێڵی ئاوی زێ بچووک، پرۆژەی ئاوی خاس لە قەزاکەدا لە کارکەوتووە.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، پەڕەی فەرمی پرۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ بڵاویکردەوە، کە رێژەی لێڵ بوونی ئاوی زێی بچووک زیاترە 1000 NTU بەهۆیەوە پرۆژەکە کارناکات و ناتوانن ئاوی خواردنەوە بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن.
ئەوەش هاتووە، بۆ پاراستنی بەشەکانی پرۆژەکە لە پیسبوون و تێکچوون کارمەندانی دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن و لە هەر بارودۆخێکی گونجاودا پرۆژەکە دەستدەکاتەوە بە کاری ئاسایی خۆی.
ئەو شەپۆلە بارانە بەخوڕەی رووی لەهەرێم کردبوو، بووەتە هۆی لێڵبوونی زۆرێک لە سەرچاوە ئاوییەکان لەوانەش ئاوی بێخاڵ کە بەهۆیەوە تا دوو رۆژ ناحیەی سرێشمە بێ ئاو دەبێت.