40 ماڵ لێی سوودمەند دەبن

تۆڕی ئاوی گەڕەکێکی رانییە گۆڕدرا

پێشەوا محەمەد

تۆڕی ئاوی گەڕەکی ماکۆک لە قەزای رانیە گۆڕدرا و 40 ماڵی گەڕەکەکە سوودی لێوەردەگرن.

پڕۆژەکە لەسەر بوودجەی داهاتی ئاو بووە و بریتییە لە بەستنی بۆریی پۆلی ئەثیلین بە چوار تیرەی جیاواز و بە درێژایی 170 مەتر جێبەجێ کرا.

“ئەو گەڕەکە و بەشێکی بەرچاوی گەڕەکەکانی دیکەی قەزای رانییە و ئیدارەی راپەڕین بە گشتی کێشەی کەمئاویان هەیە، چونکە تۆڕەکانی پێشتر لاواز بوون و بۆرییەکانیان بچووکن و ژمارەی هاوبەش و دانیشتوانیش بەردەوام لە زیادبووندان و بەشیان ناکات”، ئەوە قسەی سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕینەوە بۆ 964.

وتیشی، “جگە لەو گەڕەکانە ئێستا گەڕەکی نوێش بەردەوام لە دروستبووندان و پێویستیان بە راکێشانی ئاو هەیە بۆیان، چونکە بەردەوام داواکری لە بەڕێوەبەرایەتییەکان هەیە بۆ ئەو کارە”.

لە ئیدارەی راپەڕین زیاتر لە 110 هەزار هاوبەشی ئاو بوونیان هەیە.