ژمارەیەک لەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت لە فەڕەنساوە بۆ کەناڵ ئینگلیز بپەڕنەوە _ وێنە: Marc Demeure
پەنایان بۆ دەرەوە بردووە
لە 2015 وە 236 هاوڵاتی کورد و عەرەب بێ سەروشوێنن
964+
ئەحمەد مستەفا
لە نۆ ساڵی رابردوودا 236 هاوڵاتی عێراقی و لە ناویاندا کورد کە کۆچیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا کردووە، تا ئێستا بێ سەروشوێنن.
دەزگا لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران داتای نۆ ساڵی رابردووی خۆی لە 2015 بۆ 2023 بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی داتای دەزگاکە بێت، ژمارەی پەنابەر و کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق کە لە ساڵی 2023 کۆچییان کردووە، بریتی بووە لە 19 هەزار و 500 کەس، بەڵام ساڵی 2015 زیاتر لە 186 هەزار کەس کۆچییان کردووە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە رێژەکە کەمیکردووە.
ئیتاڵیا و بەریتانیا پەنابەران بۆ دەرەوەی وڵاتەکانیان دەنێرن
ئەمڕۆ سێشەممە 19.12.2023، ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە ئەوەی بە 964 وت، لە ماوەی ئەو نۆ ساڵەدا 760 هەزار و 323 پەنابەر وکۆچبەر داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و سەرجەمیان تەمەنیان لە سەروو 18 ساڵ بووە.
بە وتەی ئەو بێت، لەو ماوەیەدا 321 پەناربەر بەهۆکاری جیاواز گیانیان لەدەستداوە و 236 کەسیش تائێستا چارەنووسیان روون نییە، کە زۆرینەیان بەهۆی نقومبوونی بەلەم و دەستگیرکردنەوە بێ سۆراغ ماونەتەوە.