خەڵکەکە دەڵێن سوپا ئەزێتی داوین

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

سوپای عێراق چوونەتە گوندی تۆپزاوای کەرکوک لەسەر کردنەوەی شەقامێک لەگەڵ خەڵکی گوندەکە بوو بە ناخۆشیان، خەڵکەکە دەڵێن سوپا ئەزێتی داوین.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە هێزێکی فیرقەی 11ی سوپای عێراق چوونە سەر گوندی تۆپزاوا بۆ ئەوەی شەقامێکی لاوەکی لەناو گوندەکە دروست بکەن و گرێی بدەنەوە بە شەقامە سەرەکییەکە، بەڵام خەڵکەکە رێیان لێگرتن، چونکە دەڵێن ئەو زەوییەی شەقامەکەی پێدا دەبەن بە تاپۆ موڵکی پیاوێکی کوردە و ”سوپا بە ئەنقەست ئەو جێیەی هەڵبژاردووە تا کوردەکان دەربکەن”.

ساتع ناسیح دانیشتووی گوندی تۆپزاوا بە 964ـی وت: ”زیاتر لە 100 سەرباز بە مەبەستی دروستکردنی شەقامێکی لاوەکی لە ناو ماڵەکان، هەڵیانکوتایە سەرمان و ئێمەش بەرگریمان کرد، هێزەکە بە شەق و بۆکس پەلاماری چەندان ژن و پیاوان دا”.

ساتع وتیشی ”پاشان فەرماندەی فیرقەکە هات و خۆی بێ بەری کرد لەو کێشەیە و داوای لێبوردنی کرد، ئێستا کێشەکە ماوەتەوە بۆ دوو رۆژی دیکە”.

سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی یایچی بە 964ـی وت ”ئاگاداری ئه‌و رووداوەین، هەوڵمان دا بارودۆخەکە هێور بێتەوە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو دانیشتنێک لە نێوان نوێنەری گوندەکە و سوپا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی سیاسی بەڕێوەبچێت”.

964 زانیوێتی تائێستا هیچ لایەک سکاڵایان لەسەر لایەکەی دیکە تۆمار نەکردووە.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

سوپای عێراق بە دیوار و راگرەوە چووەتە تۆپزاوا

سوپای عێراق بە دیوار و راگرەوە چووەتە تۆپزاوا