تەكسییەكانی سلێمانی لۆگۆ وەرناگرن

+964
دیلان محەمەد- سلێمانی

بەشێك لە خاوەن تەكسییەكانی سلێمانی، لۆگۆ وەرناگرن و دەڵێن هیچ سوودێكی نییە، بەڕێوه‌بەری گواستنەوەش دەڵێت، كۆنترۆڵی تەكسی دەرەوەی شار دەكەین.

لە ساڵی 2019 بڕیاردرا بە دانانی لۆگۆ بۆ تەكسییەكانی هەرێمی كوردستان، كە تەكسی ناوشار و دەرەوەی شار لەیەك جیا دەكاتەوە.

لۆگۆی تەكسییەكانی ناو شاری سلێمانی شین، هەولێر سوور و دهۆك رەشە، تەكسییەكانی دەرەوەی شاریش رەنگی قاوەییە.

سدیق محەمەد بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی بە +964 ـی راگەیاند، “بڕیارەكە لە ساڵی 2019ـەوە دەركراوە، تا ئێستا نیوەی تەكسییەكان لە ناو شاری سلێمانی لۆگۆیان وەرگرتوە و نیوەكەی دیكەیان هێشتا وەریاننەگرتووە.

“چەندین جار وادەی وەرگرتنی لۆگۆ درێژكراوەتەوە، بەڵام كەمترین خاوەن تەكسی لۆگۆ وەردەگرن” سدیق محەمە وای وت.

 لە سنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 27 هەزار تەكسی هەیە و تەنیا نیوەیان لۆگۆیان وەرگرتوە.
بڕوا عەلی شۆفێری تەکسییە، بە 964+ی وت، “ئەوە نزیکەی ساڵێکە لۆگۆی تاکسیم وەرگرتوە و ھیچ سوودێکی بۆم نەبووە، تەنیا بۆ ئەوەیە سەرنشین نەبەمە دەرەوەی شار”.

لە بازگەکانی دەرەوەی شار ھەر تاکسییەک لۆگۆی سلێمانی پێ بێت و بیەوێت سەرنشین بباته‌ دەرەوەی سلێمانی دەگیرێت و پێبژاردنی بۆ دەکەن.

دانا عەبدوڵڵا شۆفێرێکی تاکسییە و تا ئێستا لۆگۆی وەرنەگرتووە.

ئه‌و پێی وایه‌ “پێویست ناکات بیکات و بە شتێکی زیادەی دەزانێت، لەبەرئەوەی ھیچ سودێکی نییە”.

ئازاد محەمەد سەرۆكی سەندیکای شۆفێران بە 964+ی راگەیاند، ھەر شۆفێرێکی تاکسی ناو شار یان دەرەوەی شار، ئه‌گەر هێڵی نەبێت و سەرنشین بباتە دەرەوەی شار، جاری یەکەم بەڵێننامەی پێ پڕدەکرێتەوە، دووبارەی بکاتەوە بڕی یەک ملیۆن و 500 ھەزار دینار سزا دەدرێت.

ئەو دەڵێت، ھەر شۆفێرێکی دەرەوەی شار هێڵی ھەبێت و سەرنشین ببات بۆ شارێكی دیكە، بڕی 750 ھەزار دینار سزا دەدرێت.