دیمەنێکی دەنگدان لە کەرکوک _ وێنە: 964
دەسەڵاتی چییان هەیە؟
لە عێراق هەنگاوی کرداری کاراکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەستیپێکرد
ئەحمەد مستەفا
لە عێراق 10 ساڵە خەڵکی پارێزگاکان، لە ئەنجومەنی پارێزگاکانیان بێبەش بوون، ئەمڕۆ یەکەم هەنگاوی کرداری بۆ کاراکردنەوەی ئەو ئەنجومەنانە کە ئەندامەکانی لە 12 کەس کەمتر نابن، بە هەڵبژاردن دەستیپێکرد.
ئەنجومەنی پارێزگاکان رۆڵیان هەیە لە دابینکردنی بودجە بۆ کەرتەکانی گواستنەوە، پەروەردە و تەندروستی، بەپێی دەستووریش دەسەڵاتێکی فراوانی کارگێری و داراییان هەیە و لە ژێر دەسەڵاتی هیچ وەزارەتێکدا نین.
وەک رێکارێک بۆ لامەرکەزیەت، ئەنجومەنی پارێزگاکان بە دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری هەر پارێزگایەک دادەنرێن، بۆیان هەیە یاسای تایبەت بە ناوخۆی هەر پارێزگایەک دەربکەن.
ژمارەی کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە ژمارەیان 15 پارێزگایە، نابێت لە 12 کورسی کەمتر بێت و هەر پارێزگایەک ژمارەی دانیشتووانی بۆ هەر کورسییەک زیاتر بوو لە 200 هەزار کەس ئەوا کورسییەکانی بۆ زیاد دەکرێت، کە رۆژانی 16-18.12.2023 لە دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ خولی چوارەم هەڵیاندەبژێرن.
لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ساڵی 2019، ئەنجومەنەکان کۆی ژمارەی ئەندامەکانیان 275 کەسن، وەک پابەندبوون بە دەستووری هەمیشەیی عێراق رێژەی 25%ی کورسییەکان بۆ کۆتای ژنان دەستەبەرکراوە، سەرەڕای دیاریکردنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان بۆ هەر ئەنجومەنی پارێزگایەک.