دەستگیرکراوە

پۆلیس: هاوڵاتییەک سەدان داری سروشتی بڕیوەتەوە

964+
ئەحمەد مستەفا

لە دۆڵی دووکانیانی نزیک ناحیەی عەربەت لە سلێمانی، هاووڵاتیەك دەستگیرکرا، کە پۆلیس دەڵێت، “تۆمەتەکەی سەری بڕینەوەی سەدان داری سروشتیی بووە”.

لە راگەیەندراوێکدا، پۆلیسی دارستان سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 5.12.2023، ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئەنجامی دەرچوونی مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستانی عەربەت، بۆ سنوری دۆڵی دووکانیان توانیان هاوڵاتییەک بە تۆمەتی بڕینەوەی داری سروشتی تەمەن جیاواز لە جۆری بەڕوو دەستگیربکەن.

بە وتەی پۆلیس بێت، ژمارەی ئەو دارانەی بکەر بڕیونی زیاتر لە 100 دار بووە، هەروەک ئاماژەی بەوەکردووە پەڕاوی لێکۆڵینەوە رێکخراوە و رادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی.

بۆ پاراستنی سروشت و ژینگەی سنورەکەیان کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت لە گەڕان و پشکنینی بەردەوامدان و رێگری لە سەرپێچیکاران دەکەن، پۆلیس وا دەڵێت.