باڵەخانەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق _ وێنە: ماڵپەڕی دادگای فیدراڵی
سەبارەت بە کورسی کۆتاکان دەبێت
ئایا دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ بڕیارە لەسەر پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی کوردستان دەدات؟
964+
فەهمی نەبی
دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی لە دانیشتنی رۆژی 19.11 دەنگدان لەسەر نا یاسایی بوونی پێنج مادەی یاسای ژمارە یەکی پەرلەمانی کوردستانی دواخست، بەپێی خشتەی رۆژانەی دۆسیەکانی دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئەو دادگایە دانیشتنێک ئەنجام دەدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لەسەر دۆسیەی ژمارە 83ی دادگاکە دانیشتنی دەبێت، کە سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە.
بڕیارە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی دواین دانیشتنی لەسەر ئەم سکاڵایە ئەنجام بدات، ئەگەر بڕیار لەسەر نا یاسایی بوونی هەموارکردنەوەی ئەو پێنج مادەیە بدرێت، شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە یەک بازنەیەوە دەکرێت بە چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لەرووی دابەشکاری شارەوە گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە دانیشتنی ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بانگهێشت کراوە، لەبارەی چۆنیەتی دابەشکردنی کورسی کۆتاکان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پرسیاری لێ دەکرێت.
وا بڕیارە رۆژی 25.2.2024ـی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بەڕیوەبچێت و کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی بکات.
ئەو مادانەی دادگای فیدراڵی بۆیان کۆدەبێتەوە هەریەکە لە مادەکانی (1، 9، 15، 22، 36)ی یاسای ژمارە 1ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ساڵی 1992ی هەموارکراو دەبێت.
رۆژی 5.11.2023 دادگای فیدراڵی جارێکی دیکە دانیشتەنەکەی دواخست بۆ رۆژی یەکشەممە 19.11.2023 و ئەمڕۆ سێیەم دانیشتنی ئەم دادگایە دەبێت لەسەر ئەم دۆسیەیە.