لە سلێمانی بووە
کارگەیەک گۆشتی بەستووی خاودەکردەوە دایانخست
964+
ئەحمەد مستەفا
لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی کارگەی ئۆپتی چیکن-یان داخست، چونکە بۆیان دەرکەوتووە گۆشتی ئاژەڵ و مریشکی بەستووی بەکارهێناوە و خاوی کردووەتەوە.
بەوتەی لیژنەکە بێت، ئەمە پابەندنەبون بەمەرج و رێنماییەکانی کارکردنە.
رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە 2023.12.2، بە 964ی وت، خاوەن کار پابەندی رێنماییەکانی کارکردن بەگشتی و ڤێتێرنەری و تەندروستی نەبووە، بۆیە لیژنە هاوبەشەکان بەفەرمانی قایمقامی سلێمانی کارگەی ئۆپتی چیکن لەگەڕەکی بەکرەجۆ داخست.
بە وتەی ئەوان بێت، یەکێکی دیکە لە سەرپێچییەکانی کارگەی ئۆپتی چیکن، خاوکردنەوەی گۆشت و مریشکی بەستوە بەدەر لە رێنماییەکانی ڤێتێرنەری و تەندروستی، ئەوەش دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە تەندروستی مرۆڤ، هەربۆیە بڕیار دراوە خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکاری یاسایی بکرێتەوە.