کفری 170 ساڵە قەزایە و بێ ھۆتێلە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

کفری 170 ساڵە قەزایە، تاوەکو ئێستا ھیچ ھۆتێل و مۆتێلێکی تێدا نییە بۆ ئەوکەسانەی سەردانی شارەکە دەکەن و بیانەوێت بمێننەوە، گەشتوگوزاریش دەڵێت، کەس داواکاری دروستکردنی ھۆتێلی نەکردوە لەو قەزایە.

لە 16.11.2023 یادی 170 ساڵەی بەقەزابوونی کفری کرایەوە، ژمارەیەک میوان بانگھێشتی قەزاکە کرابوون، بەڵام بەھۆی نەبوونی ھۆتێلەوە، ماڵی چەند کەسێکی شارەکە کرابوو بە میوانخانە.

ھێرش فەیزوڵا بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان بە 964ى وت، دروستکردنی ئەو پرۆژانە لەسەر کەرتی تایبەتە، بەڵام ھیچ کەسێک نەھاتووە داواکاری دروستکردنی ھۆتێل و مۆتێل پێشکەش بکات لە قەزای کفری.

ئاماژەی بەوەشکرد، سنووری گەرمیان خەڵکەکەی کۆمەڵایەتین ، ئەمەش وایکردووە کەسێک کە دێتە ئەم شارە ناسراوێکی ھەیە و ناچێتە ھۆتێل بمێنێتەوە، تەنانەت یەک ھۆتێلی چوار ئەستێرە لە قەزای کەلار ھەیە، بەڵام بەردەوام گلەیی ئەوە دەکات کە بازاڕیان نییە.

لەڕێگەی 964ەوە، داوا لە وەبەرھێنەرەکانی سنورەکە دەکەم ھەر کەسێکیان دەیەوێت ھۆتێل و رێستۆرانت لە قەزای کفری بکاتەوە بەڵێنیان پێدەدەم ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکەم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری گەرمیان وای وت”.