ئاوارەکان نەخۆشخانە دەروونییەکان دەکەنە ماڵی دووەمیان

“لە یەک مانگدا زیاتر لە هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانە دەروونییەکانی دهۆکیان کردووە”

میدیازان – هەژین فاتیح – دهۆک

تابلۆیەک لە رۆژی جیهانیی تەندروستی دەروونی لە دهۆک نیشاندرا – میدیازان

نیوه‌ زیاتری‌ ئەوانەی سەردانی نەخۆشخانە دەروونییەکانی هەرێم دەکەن ئاوارەکانن و تەنیا لە یەک مانگدا زیاتر لە هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانە دەروونییەکانی دهۆکیان کردووە.

د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێم لە ڕۆژی جیهانیی تەندروستیی دەروونیدا ڕایگەیاند: ٦٠٪ـی سەردانکەرانی نەخۆشخانە دەروونییەکانی نەخۆشخانەکانی هەرێم ئاوارەکانن.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە دهۆک

بەو پێیەی زۆرترین ئاوارە کەوتوونەتە سنووری پارێزگای دهۆکەوە، وەزارەتی تەندروستی ٥٤ بنکە و سەنتەری جیاوازی تەندروستیی دەروونیی کردووەتەوە و لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا هەزار و ١٣٥ کەس سەردانی ئەو نەخۆشخانانەی کردووە.

“بەشێکی زۆری کەیسەکانمان خەمۆکی و دوودڵین و ئێمە چارەسەریان دەکەین، بەداخەوە هەندێکیان تووشی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بوون.” د.وارژین یاسین، پزیشکی پسپۆڕی دەروونی لە نەخۆشخانەی ئازادی لە شاری دهۆک بۆ میدیازان وای وت.