ژینگەی ناوچەکەیان پیس کردووە

داوای دوورخستنەوەی کارگەکانی هاڕینی بەرد لە دەربەندیخان دەکرێت

توانا نەقی

لە دەربەندیخان ژمارەیەک کەرگەی هاڕینی بەرد هەیە کە تەواو لە ناو شارەوە نزیکن و بوونەتە هۆی پیسبوونی ژینگەی ئەو ناوچەیە.

قایمقامیەتی دەربەندیخان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوە و سەردانی ئەو کارگانەیان کرد، بۆ ئەوەی میکانیزمی دوورخستنەوەیان تاوتوێ بکەن.

سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، ئەو کارگانە 15 بۆ 20 کارگەن و هیچ مەرجێک و رێنماییەکی ژینگەییان نییە، بۆیە حکومەتیش رەزامەندی داوە بۆ دوورخستنەوەیان، بەڵام شوێنیان نییە.

وتیشی، جگە لەوانەش ئەو کارگانە زیادەڕۆییان هەیە، یان ئەوەتا شوێنێکیان بۆ بدۆزنەوە و بیگوازنەوە یان دەبێت مەرجەکانی ژینگە جێبەجێ بکەن، کە بەوە 50% تەپوتۆزی ناوچەکە کەم دەکات.

964 دەزانێت ئەو کارگانە دەکەونە باشووری دەربەندیخان و بەرد دەهاڕن و دەیکەن بە پۆدرە، کە لە بیناسازیدا بەکاردەهێنرێت و دەینێرنە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

ئەگەر ئێستاش ئەو کارگانە لانەبرێن و دوورنەخرێنەوە، ئەوا لە داهاتوودا هەر دەبێت لاببرێن، چونکە لە ماستەرپلانی شارەوانیی دەربەندیخاندا جێگەیان نییە، قایمقامی دەربەندیخان وای وت.