لە سلێمانی قاچی تاوەرێکی مەترسیداری کارەبا شکا

964+
دیلان محەمەد – سلێمانی

ئەمشەو ئۆتۆمبێلێک بەخێراییەکی زۆر لەسەر شاڕێیەکی سلێمانی خۆی کێشا بە تاوەرێکی پاڵەپەستۆ بەرزی کارەباداو یەکێک لەقاچەکانی شکاند، چەند دارێکیشی هەلا هەلا کرد.

رووداوەکە لەنزیک یانەی ئەندازیاران له‌سلێمانی بوو کە دەکەوێتە سەر شاڕێی سالم، بەپێی ئەو وێنانەش کە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاره‌بای سلێمانی له‌ په‌یجی خۆیان له‌ فه‌یسبووك بڵاوی كرده‌وه‌، قاچێکی تاوەرەکە شکاوە، بەڵام رووداوه‌كه‌ نه‌بووه‌ته‌ هۆی پچڕانی کارەبا.

پەیامنێری 964 بەپشت بەستن بەزانیارییەکانی سەرچاوەیەک لەهاتوچۆی سلێمانی ئاشکرای کرد رووداوەکە کاتژمێر نۆو یەک خولەک روویداوە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری تۆیۆتا کراون ژمارەی بەغداد بەهۆی خێرایی زۆرەوە کۆنتڕۆڵی لە دەستداوە و خۆی کێشاوە بە بلواری شەقامەکەدا و لە ئەنجامدا سێ داری سنەوبەری شکاندووە و قاچی تاوەرێکی هێڵی ٣٣ کەیڤی شکاندووە.

خۆی کێشاوە بە بلواری شەقامەکەدا و لە ئەنجامدا سێ داری سنەوبەری شکاندووە و قاچی تاوەرێکی هێڵی ٣٣ کەیڤی شکاندووە

هێڵی 33 کیلۆڤۆڵت هێڵی پاڵەپەستۆ بەررزی کارەبایەو تەزووی کارەبا لەوێستگەی بەرهەمهێنانەوە دەگوازێتەوە، لەئەگەری پچڕانیدا کارەبای ناوچەیەکی زۆر دەبڕێت و ئەگەر کەیبڵەکانیش بکەونە سەر زەوی، مەترسییەکی گەورەیان هەیە.

تاوەرەکانی کارەبا چەند دانەیەکیان لەدەوروبەری یانەی ئەندازیاران هەن، دوو ساڵ لەمەوبەریش لەمانگی ئایار گەنجێک بەقایشی پانتۆڵەکەی خۆی بەیەکێک لەو تاوەرانەدا هەڵواسی و خۆی خنکاند.