باڵەخانەی وەبەرهێنانی دهۆک - وێنە: 964
%92ـیان ناوخۆیین
وەبەرهێنانی دهۆک: پڕۆژەکان 120 هەزار هەلی کاریان رەخساندووە
964+
پێشەوا محەمەد
پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی دهۆک 120 هەزار هەلی کاریان رەخساندووە و بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆک دەڵێت، 92%ـی ئەوانەی کاریان دەستکەوتووە هاوڵاتی ناوخۆن.
پارێزگاکە لە ساڵی 2006ـەوە مۆڵەتی بە 272 پڕۆژەی وەبەرهێنا داوە بە بەهای شەش ملیار و 700 ملیۆن دۆلار. 65 لەو پڕۆژانە هی کابینەی نۆی حکومەتن بە گوژمەی 700 ملیۆن دۆلار.
هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆک بە 964ـی وت، “سێکتەری پیشەسازی ریزبەندی یەکەمی ژمارەی مۆڵەتەکانی گرتووە و دوای ئەویش کشتوکاڵی، گەشتیاری، بازرگانی، نیشتەجێبوون و فێرکردن و تەندروستی دێن”.
وتیشی، “بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی دهۆک سیاسەتی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم جێبەجێ دەکات بۆ گرنگیدان بە پڕۆژەکانی پیشەسازی، بازرگانی، کشتوکاڵی و گەشتیاری”.
ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان لە ماوەکانی رابردوودا چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی وەبەرهێنەران دەرکرد.
“بڕیار دراوە ئاسانکاری بۆ زووترین وەرگرتنی زەوی و مۆڵەت بۆ وەبەرهێنەران بکرێت و هەرجۆرە کارئاسانییەکی پێویستیان بێت بۆیان ئەنجام بدرێت”، ئەوەش قسەی هەڤاڵ سدیقە.