رێگا سەرەکیەکانی بەردەڕەش نەکارەبا و نە هێمای هاتوچۆی نییە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لە هەردوولای رێگای سەرەکی بەردەڕەش هیچ رووناکییەک و هێمایەکی هاتوچۆ بوونی نییە، ئەوەش مەترسی لەسەر هاتوچۆی شۆفێران دروستکردووە بەتایبەت لە شەواندا.
پێشتر هێمای هاتوچۆ هەبووە بەڵام شاکاوە و دواتر دانەنراوەتەوە، هاتوچۆی قەزاکەش دەڵێت، بەزووترین کات چارەسەر دەکرێت.
رائید شڤان عوسمان لە بەشی هاتوچۆی بەردەڕەش بە 964ـی وت، بەڵێ لە رێگەی حەسەنی – بەردەڕەش هێمای هاتوچۆ و هێچ فسفۆرێک بوونی نییە و دەبێت دابنرێت، بەڵام بە زووترین کات هەوڵدەدەین لەبەر سەلامەتی گیانی شۆفێران ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.
شەقام سەرەکییەکەی بەردەڕەش نەک تەنیا هێماکانی هاتوچۆی نییە بەڵکو هیچ رووناککەرەوەیەکی نییە و شەوان چاو چاو نابێنێت لەو رێگاوبانە.
ئەندازیار ئەرشەد محمد، بەڕێوەبەری کارەبای بەردەڕەش بە 964ـی وت، دابینکردنی کارەبا و ئینارەی بەردەوام بۆ شەقامێکی سەرەکی کە لە پارێزگای دهۆکەوە دێ بەرەو قەزای بەردەڕەش زۆر گرنگە، بەڵام لە ئیستادا هیچ بڕە پارەیەک لەبەردەستدا نییە بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام و ستوونی کارەبا.
وتیشی، لە هەردوو سەری رێگاکە کە رێگای حەسەنی – بەردەڕەش و چوارڕیانی ئامیان – بەردەڕەشە پێویستی بە کارەبای 24 کاتژمێری هەیە، لە ماوەیەکی کەمدا و لەگەڵ دابینکردنی بوودجە یەکسەر کارەبای بەردەوامیان بۆ دابین دەکرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی