یەکەم کەمپە لە هەرێمی کوردستان بەیەکجاری دادەخرێت
کەمپێکی ئاوارەکان لە سلێمانی بەیەکجاری داخرا
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی عێراق رایگەیاند، دوای ساڵی 2014 بۆ یەکەمجارە بەیەکجاری کەمپی قۆرەتوو لە پارێزگای سلێمانی داخرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ئیڤان فایەق جابرو وەزیری کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند، لە دوای ساڵی 2014 و ئاوارەبوونی خێزانە ئێزدییەکانی شەنگال، داخستنی کەمپی قۆرەتوو یەکەم کەمپ دەبێت لە هەرێمی کوردستان بە یەکجاری دابخرێت.
وەزیری کۆچ و کۆچبەران سوپاسی کارگێڕی شاری سلێمانی دەکات کە هاوکاریان بوون لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
ئەمساڵ وەزارەتی کۆچ نیازی وایە هەرچی کەمپی ئاوارە هەیە لە ناوچە جیاوازەکان دایبخات، ئەمەش وەک پلانی حکومەت کە بەر لە دەستپێکی وەرزی زستان هەموو ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
بەپێی راگەینراوی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دوێنێ چوارشەممە 111 کەسی ئاوارە لە کەمپی عەربەت سلێمانیان بەجێهێشتووە و پرۆسەکە بەردەوامە.
بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستی 964-ە لە 2014 کە چەکدارانی رێکخراوی داعش هاتنە ناوچەکە، نزیکەی 90 هەزار خێزان ئەو دەڤەرەیان بەجێهێشت و لە ترسی گیانی خۆیان هەڵهاتن.
لە هەرێمی کوردستان 26 کەمپی ئاوارە و پەنابەران هەن، 16یان لە دهۆک، شەشیان لە هەولێر و چواریان لە سلێمانین.