پێنج رووداوی هاتوچۆ

بارانی ئەمڕۆ 14 ئۆتۆمبێڵی بێ خێر کردووە

964+

فەهمی نەبی

بارانی ئەمڕۆ بێ ئافاتی رووداوی هاتوچۆ نەبوو، لەبەرەبەیانەوە تا درەنگانی شەو لە ماڵپەڕی 964 پێنج رووداوی هاتوچۆ تۆمارکراون کە بەهۆیەوە 14 ئۆتۆمبێڵ بێ خێر بوون.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ له‌ رێگای كه‌ركوك – سلێمانی، حه‌وت ئۆتۆمبێل به‌یه‌كیاندادا و به‌هۆیه‌وه‌ پێنج كه‌س بریندار بوون، هۆکارەکەی دەرکەوت بەهۆی تەڕبوونی شەقامەکان بووە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رێگای بازیان بازیان بۆ سلێمانی بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێڵێک بەیەکیاندا کێشا.

بەیانی ئەمرۆ لە دووڕیانی گوندی ئامادی خوارووی ناحیەی دینارتەی قەزای ئاکرێ ئۆتۆمبێلیکی قوتابیان وەرگەڕا و 11 کەسی تێدا بریندار بوون و گەیەندرانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ.

ئێوارەی ئەمڕۆ لەرێگای نێوان کۆیە بۆ دوکان ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئینفینیتی لەگەڵ فۆردێک پێکیاندا کێشاوە و شوفێری ئۆتۆمبێلێکیان گیانیلەدەستداوە، رووداوەکە لەنزیک گوندی سێوەن بووە.

دواین رووداو، درەنگانی ئەمشەو بوو، له‌ سه‌ر رێگاى سه‌ره‌كى دوكان – رانیه‌ ئۆتۆمبێلێكی هاتوچۆ تووشی روداوێکی هاتوچۆ بوو لەگەڵ ئۆتۆمبێڵێکی دیکە بەیەکیانداکێشا، به‌ڵام بێ زیانى گیانى بوون.

964 کاتێک پرسیاری لە بەرپرسانی هاتوچۆی ئەو شارانە کردووە کە ئەمڕۆ رووداوی هاتوچۆی لێ تۆمارکراوە، هەموویان دەڵێن، تەڕ بوونی شەقامەکان و تیژڕەوی هۆکاری سەرەکی هەموو رووداوەکانی ئەمڕۆن.