"رێکاری ئیداری بووە"

بە وەکالەت قایمقامێک بۆ کفری دانرا

964+
میلاد جەلال – گەرمیان

قایمقامێک بە وەکالەت بۆ کفری دانراو و قایمقامەکەی خۆشی دەچێتە سلێمانی، وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە 964ی وت، “گۆڕانکارییەکی ئیداریی بووە و کراوە”.

بەگوێرەی سۆراغی 964، گۆڕانکارییەکە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 14.11.2023 ئەنجامدراوە، ساھیر عەلی، کە پێشتر پۆستی بەڕێوبەری ناحیەی هەبووە، بە وەکالەت پۆستی قایمقامی کفری لە جێگەی شەماڵ نامیق بەڕێوەدەبات.

ئەمڕۆ سێشەممە، چۆمان ئەحمەد وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە 964ى وت، “ئەو گۆڕانکارییەی کراوە، تەنیا رێکاری ئیداری بووە و پەیوەندی بە ھیچ بابەتێک نییە، بەڵکو فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانی هەبووە و جێبەجێکراوە”.

رێگای نێوان کفری - دووزخورماتوو دەکرێت بە دووساید

رێگای نێوان کفری - دووزخورماتوو دەکرێت بە دووساید

لە بارەی ئەوەی، گۆرانکارییەکە لەسەر داواکاریی خۆپیشاندەرانی کفری بوو کە مانگی 7.2023ی ئەمساڵ بۆی هاتنە سەر شەقام و خێمەیان هەڵکرد، عوسمان قەتارچی، سەرۆکی رێکخراوی پاڵپشتی کفری، کە سەرپەرەشتی خۆپیشاندانی قەزاکەیان دەکرد بە 964ی وت، “گۆڕینی قایمقامی کفری یەکێک بوە لە داواکارییەکانی مانگرتووانی کفری، کە کەسێک ببێتە قایمقام دانیشتوی قەزاکە بێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “بە راوێژ لەگەڵ رێکخراوەکەمان کاک ساھر دەستنیشان کراوە بۆ پۆستەکە، پێمان وابوە کەسێکی گونجاوە”.

هاوکات، شەماڵ نامیق قایمقامی پێشووی قەزای کفری لە بارەی گۆڕانکارییەکە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ئەرکی نوێی بدات، بە 964ى وت، “شوێنی کارم بۆ سلێمانی دەگوازمەوە، و لە ئەرکێکی دیکە بەردەوام دەبم”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا