باندێک دەستگیرکراون
ھەواڵگری عێراق: بەقاچاغبردنی 800 هەزار دۆلار پوچەڵکرایەوە
964+
ژووری هەواڵ
دەزگای ھەواڵگری عێراق دەستگیرکردنی باندێکی مامەڵەکاری دراوی راگەیاند و دەڵێت، هەوڵیانداوە بە قاچاخ زیاتر لە 800 هەزار دۆلار ببەنە دەرەوەی وڵات.
بەپێی راگەیەندراوێکی دەزگای هەواڵگری عێراق کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 11.9.2023 بڵاویکردووەتەوە، ئەو باندە لە بەغدا دەستگیر کراون و پێچەوانەی رێنماییەکانی بانکی ناوەندی مامەڵەیان بە دۆلارەوە کردووە.
ئەوەشی خستووەتەروو، لە ھەڵمەتەکەدا توانراوە ھەوڵێکی بەقاچاخبردنی 806 ھەزار و 370 دۆلار پووچەڵبکەنەوە، کە باندەکە ھەوڵیانداوە بە قاچاخ بیبەنە دەرەوەی وڵات.
دەزگای ھەواڵگری عێراق راشیگەیاندووە، ئەندامانی ئەو باندە لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراون، تاکو رێکاری یاسایی بەرامبەریان بگیرێتەبەر.
مانگی رابردووش، لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستگیرا بەسەر 400 هەزار دۆلار کە چەند کەسێک دەیانویست بە قاچاخ بیبەنە دەرەوەی عێراق.