زیاتر لە 11 کیلۆ مادەی هۆشبەر گیراوە

لەماوەی مانگێکدا لە سلێمانی 124 تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیر کراون

ژووری هەواڵ

مانگی رابردوو لە شاری سلێمانی و دەوروبەری 124 کەس بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بەمادەی هۆشبەر دەستگیر کراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9.11.2023، عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، لە مانگی تشرینی یەکەمدا، 11 کیلۆ و 24 گرام مادەی هۆشبەر دەستیبەسەردا گیراوە کە لە جۆرەکانی کریستا ، هیرۆین، تلیاک، حەبی ترامادۆڵ و تۆوی خاشخاش بوون.

تۆمەتبارەکان لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیادا دەستگیر کراون و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دەروازە سنوورییەکان هاوکاری دەزگای ئاسایشی هەرێمیان کردووە.

وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم وتی، دەستگیرکراوەکان بەپێی مادەکانی 30، 26 و 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.