"باشترین رێگا ڤاکسینە"

رێنمایی نوێی تەندروستی بۆ پێشگرتن لە پەتا وەرزییەکان بڵاوکرایەوە


ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڤاکسین وەک باشترین رێکاری روبەروونەوەی پەتا وەرزییەکان دەستنیشان کرد و ژمارەیەک رێنمایی بۆ خۆپارێزی لە پەتای وەرزی بڵاوکردەوە.

پەتای وەرزی یەکێکە لە ھەوکردنە ڤایرۆسییەکان کە لەسەر ئاستی جیھان بە یەکێک لە بەربڵاوترین پەتاکان دادەنرێت و زۆربەی جار لە کاتی گۆڕانی کەشوھەوا توشی مرۆڤ دەبێت و کۆمەڵێک نیشانە لە کەسی توشبوودا دەردەکەون.

بە گوێرەی بڵاوکراوەی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 9.11.2023 بڵاویکردووەتەوە، ” بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش (تا)، کۆکە، هەستکردن بەبێ تاقەتی و سەر ئێشە و قورگ ئێشە، نیشانەکان کە دەکرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاواز بن.

وەزارەتەکە دەڵێت، بۆ ئەوەی لەم پەتا وەرزییە پارێزراوبی ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکە:

خۆ کوتان بە ڤاکسین، باشترین رێکاری خۆپارێزی دژی پەتای وەرزی، ئەم گروپە لە کۆمەڵگە لە پێشینەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی دژە ئەنفلەوەنزا:

– ئافرەتی دووگیان
– منداڵی تەمەن شەش مانگ تا پێنج ساڵ
– کەسانی بەساڵاچوو ( سەروو 65 ساڵ )
– ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە
– پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی
– گرنگیدان بە پاک و خاوێنی و شۆردنی دەستەکان
– داپۆشینی دەم و لوت لە کاتی کۆکە و پژمین
– مانەوە لە ماڵ لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکان و پشوودان
– دوورکەوتنەوە لەو کەسانەی نیشانەکانی پەتای وەرزییان ھەیە
– دەستنەدان لە دەم و چاو و لوت پێش دەست شۆردن

لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی پەتای وەرزی ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکە:

– پشوودان.
– خواردنەوەی بڕێکی باش لە ئاو و شلەمەنییەکان.
– گرنگیدان بە خواردنی میوە و سەوزەوات.
– ھەر کاتێک نیشانەکان قورس بوون و تەندروستیت تێکچوو راستەوخۆ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکە.