تەماتەی ئێرانی بووەتە کێشە

حاجی ئۆمەران ئەمساڵ تەماتەی زۆر بوو نرخی کەم بوو

964+

ئاکام غەفور – سۆران

ئەمساڵ حاجی ئۆمەران خاوەنی بەرهەمێکی زۆری تەماتە بوو، بەڵام نرخەکەی کەم بوو، جوتیارانیش دەڵێن هۆکاری کەمیی نرخەکەی هاتنی تەماتەی ئێرانیە و حکومەت رێگر نەبووە لە هاتنی تەماتەی هاوردە کراو .

نرخی تەماتەی حاجی ئۆمەران لە بازاڕ سندوقی 18 کیلۆیی بە پێنج هەزار دینارە، لە گومرگ کیلۆی نزیکەی 150 دینارە، هەرچی تەماتەی ئێرانیە نرخەکەی بەرزترە و کیلۆی نزیکەی 750 دینارە.

سەفین باڵەکی، جوتیارێکی حاجی ئۆمەرانە، ئەو بە 964ی وت، “ئەمساڵ تەماتەکەمان زۆر جوان بوو، بەڵام  لە بازاڕدا هیچ پارەی نەکرد”.

سامان محەمەد جوتیارە، بە 964ی وت، “حکومەت هاوکاری جوتیار نەبوو، رێگری نەکرد لە هاوردەی تەماتەی ئێرانی، ئێستا تەماتەکانمان لێ ناکەینەوە چونکە مایەی ماندووبونەکەی دەرناهێنێ”.

بەهۆی گونجاوی کەشوهەوا و بوونی سەرچاوەی باشی ئاو، ساڵانە رووبەرێکی زۆر لە زەوی سنووری باڵەکایەتی دەکرێت بە کشتوکاڵ، تەماتە یەکێکە لە باشترین بەرهەمەکانی ناوچەکە.

ئیبراهیم حەسەن لە گومرگی سۆران بە 964ـی وت، “ئەمساڵ تەنیا دوو هەفتە نرخی تەماتەی حاجی ئۆمەران بەرز بوو، گەیشتە نزیکی هەزار دینار، نرخی تەماتەی ئێرانی بەرزترە هەرچەندە خواست لەسەر تەماتەی خۆماڵی زیاترە”.

ئیبراهیم حەسەن باسی لەوەش کرد، هۆکاری جیاوازی نرخەکەیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، تەماتەی ئێرانی خۆڕاگرترە و درەنگتر تێکدەچێت.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر

لە عەلوەکانی پێنجوێن نرخی تەماتە 300 دینار دابەزی

لە عەلوەکانی پێنجوێن نرخی تەماتە 300 دینار دابەزی